ده‌وڵه‌تی فه‌ریکه‌ دێمۆکرات و ده‌وڵه‌تی ده‌ستووربه‌ند

مه‌به‌ست
– له‌ ڕێی دۆخێکی نموونه‌وه‌ ده‌رفه‌ت بده‌ به‌شداربوان ورد ببنه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌تی ده‌ستووربه‌ند ”Rule of law” و ده‌وڵه‌تی فه‌ریکه‌ دێمۆکرات‌.

1) فوتبۆڵ – گه‌مه‌ی نێوان سوێد و دانمارک
سه‌ره‌تای هاوینی 2007 ـه‌ و گه‌مه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌ بۆ جامی ئه‌ورووپا‌، له‌ دانمارک، سوێد به‌رانبه‌ر دانمارک یاری ده‌کات. سوێد زوو که‌وته‌ خۆی و سێ گۆڵی کرد. دانمارک له‌ به‌شی دوه‌می گه‌مه‌که‌دا به‌ سێ گۆڵ هاته‌وه‌ مایه‌. ئه‌م دوو تیپه‌ که‌ له‌ مێژه‌ ڕکابه‌ری سه‌ختی یه‌کن، یارییه‌کی زۆر جوانیان کرد و سه‌رنجی ئه‌و 42 هه‌زار بینه‌ره‌یان ته‌واو ڕاکێشا. له‌ خوله‌کی 89‌ی گه‌مه‌که‌دا، یاریزانێکی دانمارکی کرایه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مستێکی له‌ سکی یاریزانێکی سوێدی دا – بڕیار بوو په‌نه‌ڵتییه‌ک بدرێته‌ سوێد.

ته‌ماشاچییه‌کی دانمارکی دابه‌زییه‌ یاریگه‌ و به‌ر له‌وه‌ی پاسه‌وانگه‌ل ڕێی لێ بگرن په‌لاماری بژیوانی دا. بژیوان گه‌مه‌ی بڕی و بردنه‌وه‌ی 3-0 دا به‌ سوێد.

2) کووره‌هه‌نگ (بڕوانه‌ پاشکۆی مێتودنامه‌)
ئایه‌ بژیوان کارێکی دروستی کرد گه‌مه‌که‌ی بڕی؟
3) گفتوگۆ
– بگه‌ڕێ به‌ نێویاندا و به‌ڵگه‌کانی کووره‌هه‌نگ کۆ بکه‌وه‌
– هیچ کام له‌و به‌ڵگانه‌ به‌ ڕێسای دیسیپلینکاری UEFA سه‌نگینتر ده‌بن؟

به‌ندی 19، بڕگه‌ی 1: گه‌ر نه‌کرێ گه‌مه‌یه‌ک به‌رده‌وام بێ یان به‌ ئاسایی ته‌واو بێ، ئه‌وا ده‌سه‌ندرێته‌وه‌ له‌ یانه‌ی به‌رپرس (…)
– بڕگه‌ی 2: له‌ بارودۆخی جیددیدا ده‌کرێ سزای یانه‌ی به‌رپرس زیادتر بکرێت به‌پێی به‌ندی 14، بڕگه‌ی 1.
– به‌ندی 14، بڕگه‌ی 1: هه‌ر تیپێک سزا بدرێت به‌ سه‌ندنه‌وه‌ی گه‌مه‌، سزاش ده‌درێت به‌ دۆڕانی 0-3.
ڕاپرسیی پاش گه‌مه‌که‌، له‌ سوێد و دانمارک، پێشانی داوه‌ که‌ زۆربه‌ی به‌شداربوان پێیان وایه‌ بڕیاری بژیوان دروست بوو. یه‌ک ڕۆژنامه‌وان پێی وابوو گه‌مه‌که‌ ده‌با به‌رده‌وام بێ، ژماره‌یه‌کی -یه‌کجار زۆر ئیمه‌یلی له‌ خوێنه‌رانی تووڕه‌وه‌‌ بۆ چوو. ئه‌م ڕێک که‌وتنه‌ گشتییه‌ چۆن ڕاڤه‌ بکه‌ین؟

4) به‌سه‌ر کردنه‌وه‌

فوتبۆڵ هه‌م به‌ ناوه‌ڕۆک و هه‌م به‌ شێواز گه‌مه‌یه‌کی ڕێسافه‌رمانه‌ به‌ڵام دێمۆکراتانه‌ نییه‌. ڕێسا فه‌رمییه‌کان –که‌ ڕوونی ناکه‌نه‌وه‌ مه‌به‌ست له‌م گه‌مه‌یه‌ چییه‌ – له‌ چوار خاڵدا کۆ ده‌کرێنه‌وه‌: –

1- بژیوان و که‌سانی دیکه‌ی کاردار ده‌بێ بێلایه‌ن بن

2- ڕێساکان پێشکات دانراون و له‌ ده‌می گه‌مه‌که‌دا نایه‌نه‌ گۆڕین
3- یاریزان و کارداران نابێ ده‌ستدرێژییان لێ بکرێ
4- ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ لاریبوون له‌ بڕیاری بژیوان

– وێکچوونی ئاشکرا هه‌یه‌ له‌ نێوان گه‌مه‌ی وه‌ها و ده‌وڵه‌تی ده‌ستووربه‌ندی خاوه‌ن ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌:
1- نۆڕمی «ڕه‌چاو گرتنی یه‌کسان» له‌ ئاست قانووندا دابینه‌. هه‌موو له‌ ئاست قانووندا یه‌کسانن (یه‌کسانیی قانوونی).
2- هیچ تاوانێک بوونی نییه‌ گه‌ر قانوونی نه‌بێ و قانوونیش به‌ ئاره‌زوو نایه‌ته‌ گۆڕین (ده‌ستووربه‌ندی).
3- هیچ که‌سێک نابێ بکه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستدرێژیی ده‌سه‌ڵات و زه‌بری ناقانوونی (ئاسووده‌گیی قانوونی).
4- هه‌ر که‌سێک تاوانی به‌رانبه‌ر بکرێت ده‌رفه‌تی هه‌یه‌ کۆمه‌کی قانوونی وه‌ربگرێ (ده‌ستڕه‌سیی قانوونی).
5) گفتوگۆ
– ئایه‌ دروسته‌ ده‌وڵه‌تی ده‌ستووربه‌ند به‌راورد بکرێ به‌ گه‌مه‌یه‌کی ڕێسابه‌ند یان جیاوازیی ئه‌وه‌نده‌ گرینگ هه‌ن که‌ ئه‌م وێکچواندنه‌ی پێ تێک بچێت؟
– ئه‌گه‌ر وێکچواندنه‌که‌ دروست بێ، ئیدی‌ پێویست ده‌کات ده‌وڵه‌تی ده‌ستووربه‌ند ببێته‌ «فه‌ریکه‌ دێمۆکرات»، خۆ ئاشکرایه‌ گه‌مه‌ی فوتبوڵ وه‌ها نییه‌؟

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in na , ئاستی میللی, پیاده‌كردن‏