Blog Archives

کۆنفه‌رانسی دیالۆگ

نێزیکه‌ی سه‌د که‌سێک کۆ ده‌بنه‌وه‌ بۆ په‌یدۆزیی به‌رژه‌وه‌ندی هاوکۆ، ڕێک که‌وتن له‌سه‌ر پێناسه‌ و واتالێکدانه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ گفتوگۆ ده‌رباره‌ی پێشنیازی کاری ئایه‌نده‌. ئه‌م کۆنفه‌رانسه‌ بریتییه‌ له‌ سێ سووڕی گفتوگۆ. ڕێبه‌ری کۆنفه‌رانس بابه‌ت و ڕۆژه‌ڤ دیاری ده‌کات، به‌شداربوان گرووپی بچووکی ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی 8 که‌سی پێک دێنن.

1)       سووڕی یه‌که‌م بۆ «گرووپی بنه‌ما» یه‌، گرووپی پڕۆژه‌ی جیاواز، ده‌سته‌ی کاری نێو تۆڕێکی دیاریکراو یان به‌شی جۆراوجۆری سازمانێک. ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپانه‌ی بنه‌ما له‌م سووڕه‌دا له‌ تێما (بابه‌ت) یه‌کی تایبه‌ت قووڵ ده‌بنه‌وه‌.

2)       له‌ سووڕی دوه‌مدا «گرووپی تێهه‌ڵکێش» بریتییه‌ له‌ تێهه‌ڵکێش کردنی گرووپه‌ جیاوازه‌کانی بنه‌ما له‌ گرووپی تازه‌دا (پاشان زیادتر ڕوون ده‌کرێته‌وه‌). ئه‌مان گفتوگۆی سووڕی یه‌که‌م ده‌خه‌نه‌ به‌رباس، هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن، سه‌رنجی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن و زیاتر تێیدا قووڵ ده‌بنه‌وه‌.

3)       له‌ سووڕی سێیه‌مدا، گرووپی به‌رایی، «گرووپی بنه‌ما» باسه‌که‌ ده‌گرنه‌وه‌ ده‌ست. به‌ شێوه‌یه‌کی هاوکۆ کار ده‌که‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ستراتیژ بۆ ڕاستاندن (پیاده‌ کردن) ی ئه‌و بیرۆکه‌ و پێشنیازانه‌ی له‌ سووڕی یه‌که‌م و دوه‌مدا هاتنه‌ به‌رهه‌م. گه‌ر به‌شداربوانی ئه‌م کۆنفه‌رانسه‌ تێکه‌ڵه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کیی چه‌ندین تۆڕ و سازمان بن ئه‌وا ده‌کرێ له‌م سووڕه‌دا گرووپ له‌ که‌سانی هاوپڕۆژه‌ پێک بهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌کانیان کۆ ببێته‌وه‌.

کۆنفه‌رانسی دیالۆگ ده‌ستاوێژێکی به‌هێزه‌ بۆ ئافراندنی به‌شداری و هاوڕایی بۆ کاری داهاتوو. سه‌رکه‌وتنی کۆنفه‌رانسی دیالۆگ پێویستی به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی ڕوون هه‌یه‌. ده‌بێ هه‌م گرووپه‌کانی به‌ باشی پێک هێنرابن و هه‌م پێشکات بابه‌تی گفتوگۆی جیاوازیان بۆ ئاماده‌ کرابێ.

ئه‌وجا بڕوانه‌ ڕاهێنانی «فراژووتنی دێمۆکراتانه‌ی سازمان» (بۆ سازمان داڕێژراوه‌) و هه‌روه‌ها ڕاهێنانی «کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی ڕاهێزراو» (بۆ تۆڕێک داڕێژراوه‌ که‌ نوێنه‌رانی چه‌ندین سازمانی تێدا بێ).

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

نه‌خشه‌ی ده‌رفه‌ت

جۆرێکی دیکه‌یه‌ له‌ «بیرۆکه‌بارانه» ده‌رفه‌ت ده‌داته‌ به‌شداربوان به‌ شێوه‌یه‌کی نوێ چالاکی یان پڕۆژه‌ی داهاتوویان پێشان بده‌ن.
– به‌شداربوان به‌ خه‌یاڵ وه‌های داده‌نێن که‌ چالاکییه‌که‌ ته‌واو بوه‌ و ئه‌مان ئێستا کۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ «یاد کردنه‌وه‌ی» ئه‌و چالاکییه‌. هه‌ر بیره‌وه‌رییه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک پارچه‌کاخه‌زی «یادنامه» بنووسن
– «یادنامه‌کان» له‌ سه‌ر «تابلۆی ئاڕاسته»، له‌ به‌شه‌کانی: «به‌رخواسته»، «به‌رخواست نییه»، «به‌رشیمانه‌یه»‌، و «به‌رشیمانه‌ نییه» جێ ده‌گرن.
– ئه‌وجا ئه‌م «نه‌خشه‌ی ده‌رفه‌ت» ـه‌ که‌ زاده‌ی به‌شداری و ئافراندنی هه‌موانه‌، ده‌که‌ینه‌ سه‌رشار بۆ داڕشتنی پلانی کار.

زۆر به‌سه‌رهاتی نێو چالاکی و پڕۆژه‌ له‌و جۆره‌ن پێشبینی ناکرێن: ده‌وروبه‌ر به‌و جۆره‌ هه‌ڵناسووڕێ که‌ چاوه‌ڕوانی بووین، هه‌ڵسوکه‌وتی به‌شداربوان ده‌رئه‌نجامی وه‌های هه‌بوو پێشبینی لێ نه‌کرا. ڕووداوی وه‌ها به‌ ئه‌ندازه‌ی ڕووداوی به‌رنامه‌دار کاریگه‌ری هه‌یه‌.
ئه‌م جۆره‌ «بیرۆکه‌بارانه» یه‌ ڕێ ده‌داته‌ به‌شداربوان مه‌ودا له‌ پلانه‌کانی خۆیان وه‌ربگرن – و ئه‌وانه‌یش که‌ هێشتا پلانیان دانه‌ڕشتوه‌ به‌ هه‌مان هه‌لومه‌رج به‌شداربن.
بڕوانه‌ ڕاهێنانی «کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی ڕاهێزراو».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

چوار گۆشه

«چوار گۆشه» بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست و هه‌ڵبژاردنه‌. ئه‌م مێتوده‌ هه‌م بۆ سه‌ره‌تای گفتوگۆ و هه‌م بۆ قووڵبوونه‌وه‌ کارایه‌. ته‌نانه‌ت مرۆڤی هه‌ره‌ بێده‌نگ، بێ هه‌را و بێ ئاماژه‌ پێ کردن، لێره‌دا دێته‌ گۆ. ئه‌م مێتوده‌ بۆ گرووپی گه‌وره‌ش ده‌ست ده‌دات.
ڕێبه‌ری خول چوار بژاره‌، چوار ڕێگه‌ی جیاواز پێشنیاز ده‌کات. هه‌ر بژاره‌یه‌ک گۆشه‌یه‌کی ژووه‌که‌ ده‌گرێت. داوا له‌ به‌شداربوان ده‌کات، هه‌ر یه‌که‌ به‌ بۆچوونی خۆی ئه‌و گۆشه‌یه‌ بگرێ که‌ ئێستا باشتر له‌گه‌ڵ بیروڕای خۆی ده‌گونجێت.
پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو که‌سێک گۆشه‌ی خۆی دۆزییه‌وه‌، له‌ گۆشه‌کاندا چه‌ند خوله‌کێک گفتوگۆ ده‌کرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ من ئێره‌م پێ باش بوو. ئه‌وجا یه‌ک دوو که‌س له‌ هه‌ر گرووپێک ڕوانگه‌ی خۆیان بۆ هه‌موان ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌.
ڕێبه‌ری خول داوا له‌ به‌شداربوان ده‌کات، گه‌ر به‌ده‌م گفتوگۆوه‌ بیروڕای خۆیان گۆڕی، ئازادانه‌ گۆشه‌ بگۆڕن. گیر نه‌خۆن.
چوار بژاره‌ی چوار گۆشه‌که‌ وه‌ها بێلایه‌ن باس بکه‌ که‌ هیچیان ئاماژه‌ به‌ دروستی و نادروستیی بۆچوون نه‌دات.
هه‌رده‌م یه‌ک له‌ بژاره‌کان ڤه‌کری بێ (ئاواڵه‌ بێ، بۆ نموونه‌: بۆچوونی دیکه‌.)
بڕوانه‌ «دوو ڕووخساری دێمۆکراسی»

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

نیشانه‌کاری

«نیشانه‌کاری» مێتودێکی خێرا و به‌رچاوه‌ بۆ پۆلێن و پێشه‌میدانی گه‌لده‌ست.

ژماره‌یه‌ک کاڵای نیشانه‌کاری (دوگمه‌ی تایبه‌ت بێ یان خامه‌ی درشتنووس یان… هتد) به‌ یه‌کسانی به‌سه‌ر هه‌مواندا دابه‌ش ده‌کرێ، بۆ نیشانه‌ کردنی چه‌ندین خاڵ و پێشنیازی که‌ زووتر گرووپه‌که‌ تۆماریان کردوون. مرۆڤ ته‌واو به‌ ئاره‌زووی خۆی بابه‌ته‌کان نیشانه‌ ده‌کات.

«نیشانه‌کاری» په‌یجۆرییه‌کی پێشده‌سته‌ بۆ زانینی هه‌ڵوێستی به‌شداربوان، نه‌ بڕیاره‌ و نه‌ هه‌ڵبژاردن. مه‌به‌ست به‌راورد کردنی پێشنیازه‌کانه‌ به‌ یه‌کدی و نیشانه‌ کردنی ئه‌وه‌یانه‌ که‌ مرۆڤ، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێ، لای هۆشپه‌سه‌نده‌.

«نیشانه‌کاری» له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا هه‌ڵوێستی گرووپه‌که‌ پێشان ده‌دا له‌ ئاست دۆزێکی تایبه‌تدا. به‌وه‌ش ده‌بێته‌ ژێرخانێکی بابه‌ته‌کی بۆ به‌رده‌وامیی کار.

«نیشانه‌کاری» زه‌مینه‌ بۆ به‌شداریی چوست خۆش ده‌کات، ته‌نانه‌ت که‌سانی هه‌ره‌ که‌نارگیر جێده‌ستیان دیار ده‌بێ.

بڕوانه‌ ڕاهێنانی «له‌ پێداویستییه‌وه‌ بۆ ماف».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

بیرۆکه‌بارانه

داوا له‌ گرووپه‌که‌ بکه‌ ئازادانه‌ گفتوگۆ ده‌رباره‌ی چه‌مک یان وشه‌یه‌ک بکه‌ن.

هه‌موو بیرۆکه‌یه‌کی هه‌موو ئه‌ندامان تۆمار ده‌کرێن. ڕێسا:

                          1-     هیچ بیرۆکه‌یه‌ک هه‌ڵه‌ نییه‌

                          2-     هیچ که‌سێک تێبینی نابێ له‌سه‌ر بیرۆکه‌ی که‌سێکی دیکه‌

                          3-     مه‌رج نییه‌ هاوڕای یه‌ک بن

– گورج بن، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ربه‌ستانه‌ چه‌ندین پێشنیاز بێته‌ کایه‌وه‌، بیرۆکه‌ ببارێ!

– ئه‌وجا که‌ بیرۆکه‌ نه‌ما، یان کات نه‌ما، دێینه‌ سه‌ر پۆلێن، هه‌ڵسه‌نگاندن و پێشخستنی بیرۆکه‌کان.

ده‌کرێ «بیرۆکه‌بارانه» بکرێته‌ کێبه‌رکێ، ئه‌و گرووپه‌ی له‌ ماوه‌ی ته‌رخاندا زیادترین ژماره‌ی بیرۆکه‌ی باراندوه‌، براوه‌یه‌. ده‌شکرێ که‌سه‌کی بێ، هه‌ر ئه‌ندامێک 5-6 پارچه‌ کاخه‌ز وه‌رده‌گری، هه‌ر پارچه‌یه‌ک بۆ یه‌ک بیرۆکه‌. زۆر جار بیرۆکه‌ی پێنجه‌م و شه‌شه‌م زیادتر سه‌رنجڕاکێشن.

بڕوانه‌ ڕاهێنانی «جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆژه‌ڤ» و «له‌ پێداویستییه‌وه‌ بۆ ماف».

 

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

ته‌کنیکی خۆسه‌پاندن

جار هه‌یه‌ به‌ ئاسانی که‌سێک یان چه‌ند که‌سێک زاڵ ده‌بن به‌سه‌ر جڤینێکدا، له‌وانه‌یشه‌ به‌ مێتودی ناجۆر. پرۆفیسوری نۆروێژی له‌ بواری ده‌روونناسیی جڤاکیدا Berit Ås پێنج «ته‌کنیکی خۆسه‌پاندن»‌‌ی دیاری کردوه‌ که‌ پیاو بۆ خۆ زاڵ کردن به‌کاریان ده‌هێنێ به‌رانبه‌ر هاوکاری ژن. له‌ ڕاستیدا ئه‌م ته‌کنیکانه‌ بۆ هه‌موو جۆره‌ خۆ زاڵ کردنێک به‌کار دێن، نه‌ک ته‌نها دژ به‌ ژن.

1)       «خه‌فاندن»: بێده‌نگ کردن یان که‌نار خستنی به‌رهه‌ڵستکاران له‌ ڕێی وێڵ کردنیانه‌وه‌.

2)       «شکاندن»: به‌ جۆرێکی فێڵاوی – وه‌ک به‌کار هێنانی وێکچواندنی به‌هێزی نادروست – سووکایه‌تی کردن به‌ که‌سێک، به‌ گوته‌ی ئه‌و که‌سه‌، به‌ ڕوخساری به‌… هتد

3)       «تاریکاندن»: شاردنه‌وه‌ یان ده‌ست گرتن به‌سه‌ر زانیاریدا. بۆ نموونه‌ زانیارییه‌کی هه‌یه‌ ته‌نها بدرێته‌ چه‌ند دۆست و هاوبیرێک و له‌ خه‌ڵکی دیکه‌ی بشاریته‌وه‌. زۆر جار ئه‌م دیارده‌یه‌ بێمه‌به‌ستیش ڕوو ده‌دات.

4)       «جووتچه‌پاندن»: که‌سی به‌رانبه‌ر بخرێته‌ بارێکی وه‌هاوه‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌ک هه‌ڵبژێرێ هه‌ر که‌وتن و سزای به‌ده‌مه‌وه‌ بێ.

5)       «شه‌رماندن»: مرۆڤ ناچار ده‌کرێت شه‌رم له‌ ڕه‌فتاری خۆی بکات و پێی وا بێ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ری دێ گوناهی خۆیه‌تی. زۆر جار له‌ته‌ک «شکاندن» و «جووتچه‌پاندن» دا دێت.

هه‌ر به‌وه‌نده‌ی دیارده‌ی «ته‌کنیکی خۆسه‌پاندن» دیاری بکرێ و ناوی لێ بنرێ له‌ سووڕێکدا، له‌وانه‌یه‌ به‌س بێ بۆ ڕێبه‌ستن لێی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نۆرمی «ڕه‌چاو گرتنی یه‌کسان».

بۆ ئامۆژگاریی دیکه‌‌، بڕوانه‌ «ده‌ستاوێژ بۆ جڤینی باشتر» له‌ خواره‌وه‌.

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

گه‌رمه‌کورسی

مێتودێکی دیکه‌یه‌ داوای بیر کردنه‌وه‌یه‌کی قووڵتر ده‌کات. به‌شداربوان ئاشکرا هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن له‌ چه‌ند پرسیارێک ده‌رباره‌ی دۆزی به‌ها. هه‌ر که‌سێک به‌ «دانیشتن» یان «ڕابوون» بیروڕای خۆی ده‌رده‌بڕێ. ئه‌مه‌ش ڕێسا:

1)      هیچ که‌سێک گوته‌ی نابێ ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی که‌سێکی دیکه‌

2)      هه‌موو به‌شداربوان به‌ وردی سه‌رنج ده‌ده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ، وه‌ک گوته‌ی گه‌واهێک لێی وه‌رده‌گرن نه‌ک بابه‌تێک بۆ گفتوگۆ

3)      هه‌ڵوێست گۆڕین هه‌رده‌م ئازاده‌ بۆ هه‌موو که‌سێک

به‌شداربوان و هه‌روه‌ها ڕێبه‌ری خول له‌ یه‌ک بازنه‌ی گه‌وره‌دا داده‌نیشن. ڕێبه‌ری خول گریمانه‌یه‌ک ڕه‌پێش ده‌خات و به‌شداربوان ده‌بێ هه‌ڵوێستی لێ وه‌رگرن. ئه‌وه‌ی لای په‌سه‌نده‌ «ڕا بێ» (هه‌ستێته‌ سه‌ر پێیان). ئه‌وه‌ی گریمانه‌که‌ی لای په‌سه‌ند نییه‌، له‌ جێی خۆی دانیشتوه‌. گه‌ر که‌سێک دوودڵه‌، ده‌توانێ بچێته‌ سه‌ر چیچکان – بارێکی ناخۆش و سه‌خته‌، وه‌ک ڕاڕایی!

کاتێک گشتیان هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت، ئه‌وجا چه‌ند که‌سێ ده‌رفه‌تی ده‌بێ خۆی ڕوون بکاته‌وه‌:

1) «تۆ به‌ پێوه‌ی. چۆنت بیر لێ کردۆته‌وه‌؟»

2)«تۆ دانیشتوی. بۆ؟»

پاش ئه‌وه‌ی که‌سانی خاوه‌ن دید و ڕا گوته‌یان ته‌واو ده‌که‌ن، ده‌چینه‌ سه‌ر گریمانه‌ی پاشی. گرینگه‌ گریمانه‌کان ڕوون و ساکار بن – نایاندنی نه‌بێ (نابێ، نه‌کرێ، نه‌چێ…). گه‌ر که‌سانێک هه‌بن گرفتدار، (په‌ککه‌وته‌، خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت) ده‌کرێ له‌ بری ڕابوون، ده‌ست هه‌ڵبڕن یان هه‌ر نیشانه‌یه‌کی دیکه‌ی گونجاو.

بڕوانه‌ ڕاهێنانی «په‌یوه‌ست».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

مژار

مژار بریتته‌ له‌ داستانی ڕووداوێک، جا خه‌یاڵکرد بێت یان ڕاستینه‌.

داستنی مژار ده‌شێ به‌ یه‌ک سووڕ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا کۆتا، ده‌شکرێ پله‌ پله،‌ به‌سه‌ر بکرێته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌ په‌یجۆریی مژار ئه‌ویه‌ ده‌رفه‌ت بدرێته‌ به‌شداربوان ڕێگه‌ی به‌ربژار بدۆزنه‌وه‌ و له‌ دۆزێکی به‌رجه‌سته‌دا چاره‌سه‌ر هه‌ڵبژێرن.

بڕوانه‌ «ده‌وڵه‌تی FD و ده‌وڵه‌تی ده‌ستووربه‌ند» و ڕاهێنانی «بژاره‌کانی ئازاد و نه‌وزاد».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

دیوه‌خانی کراوه‌ Open Space

لێره‌دا – به‌ پێچه‌وانه‌ی «کونفه‌رانسی دیالۆگ» – به‌شداربوان خۆیان ڕۆژه‌ڤی خۆیان داده‌ڕێژن، خۆیان ئاره‌زوومه‌ندانه‌ گرووپ ساز ده‌که‌ن بۆ گفتوگۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆزه‌ی لایان په‌سه‌نده‌.

ڕه‌وتی کۆنفه‌رانس به‌م جۆره‌یه‌

1)  مه‌یدانی بۆچوون – به‌شداربوان له‌ بازنه‌یه‌کی گه‌وره‌دا داده‌نیشن. گه‌ر که‌سێک باسێکی هه‌بێ، ڕێبه‌ری کۆنفه‌رانس هانی ده‌دا له‌م بازنه‌یه‌دا کورته‌یه‌کی باسه‌که‌ی خۆی بناسێنێت. سه‌ره‌باسه‌که‌ به‌ دیواردا هه‌ڵده‌واسرێ.

2)  بازاڕ – به‌شداربوان ده‌گه‌ڕێن به‌سه‌ر سه‌ره‌باسه‌کاندا که‌ جاڕ دراون. هه‌ر که‌س به‌ ئاره‌زووی خۆی باسێکیان هه‌ڵده‌بژێرێ. گرووپی گفتوگۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌ره‌باسانه‌ پێک دێت. تێبینی بکه‌، ڕێبه‌ری کۆنفه‌رانس لێره‌دا فه‌رمانڕه‌وایی ناکات.

3)  گفتوگۆی نێو گرووپی بچووک

4)  گردبوونه‌وه‌ی هه‌موان، ڕاپۆرتاندنی باسی نێو گرووپه‌کان و پێک هێنانی گرووپی هاوبه‌رژه‌وه‌ند.

هه‌ر له‌ ده‌رزه‌نێک هه‌تا گرووپی چه‌ند سه‌د که‌سی ده‌توانی له‌م «دیوه‌خانی کراوه» دا به‌شدار بێ. مه‌به‌ست له‌م مێتوده‌ وه‌ده‌ست هێنانی ئه‌وپه‌ڕی به‌شدارییه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی یه‌کساندا و هه‌روه‌ها ته‌رخان کردنی به‌رینترین مه‌ودایه‌ بۆ ڕێسای «سه‌رفه‌رازیی که‌سه‌کی». بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانه‌:

Harrison Owen, Open Space Technology: A User’s Guide, Berrett-Koehler, 1997

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

به‌فرانگه

به‌فرانگه (یه‌خچاڵ. سه‌للاجه‌)

زۆر جار که‌میی کات ده‌بێته‌ کێشه‌ بۆ به‌شداریی چوستی ئه‌ندامان، به‌تایبه‌تی گه‌ر ژماره‌یان زۆر بێ. پرسیار و سه‌رنج زۆر ده‌بن و له‌وانه‌یه‌ کات نه‌بێ ڕێک ئه‌و کاته‌ بخرێنه‌ به‌رباس. وه‌ها باشه‌ به‌شێکیان بخرێنه‌ «به‌فرانگه» وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاشان کاریان له‌سه‌ر بکه‌ین. ڕێبه‌ری خول پارچه‌ کاخه‌زێکی گه‌وره‌ به‌ دیواره‌وه‌ ده‌کاته‌ «به‌فرانگه» و هه‌ر پرسیارێک فریای نه‌که‌ون له‌ته‌ک ناوی خاوه‌ن پرسیاردا، له‌سه‌ر ئه‌و تابلۆیه‌ تۆمار ده‌کرێ. پاشان له‌ ده‌رفه‌تێکی گونجاودا بابه‌ته‌کان له‌ «به‌فرانگه» ده‌رده‌هێنرێن و ده‌خرێنه‌ به‌رباس. ئه‌وجا ده‌کرێ مێتودی «ڕۆژه‌ڤی هاوکۆ» (پاشان باسی دێ) بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ کارا بێ.

بڕوانه‌ ڕاهێنانی «بژاره‌کانی ئازاد و نه‌وزاد».


Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

مێتودی SWOT

مێتودێکه‌ بۆ په‌یجۆریی سازمان. ده‌گه‌ڕێ بۆ لایه‌نی به‌هێز و لاوازی ناوه‌کی، بۆ ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی و ئه‌وجا کاریگه‌ریی ئه‌م هۆکارانه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌که‌ پێشان ده‌دات. SWOT کورتکراوه‌ی ئه‌م وشانه‌یه‌:

– هێزStrength

– لاوازییWeakness

– ده‌رفه‌تOpportunity

– هه‌ڕه‌شه‌Threat

به‌ گشتی چاره‌سه‌ری کێشه‌ ده‌که‌ینه‌ سه‌رشار و له‌وێوه‌ ئامانج دیاری ده‌که‌ین، مه‌به‌ست چییه‌؟ ئه‌وجا ئه‌م خاڵانه‌ دیاری ده‌که‌ین:

– هێزStrength– ی نێو سازمان که‌ یاریده‌ر بێ بۆ پێکانی ئامانج.

– لاوازییWeakness– ی نێو سازمان که‌ ڕێبه‌ست بێ بۆ پێکانی ئامانج.

– ده‌رفه‌تOpportunity– ی ده‌وره‌به‌ر ده‌یڕه‌خسێنێ بۆ پێکانی ئامانجی سازمانه‌که‌مان.

– هه‌ڕه‌شه‌Threat – ی ده‌وره‌به‌ر که‌ ده‌بێته‌ کۆسپ بۆ پێکانی ئامانجی سازمانه‌که‌مان.

ئه‌نجامی ئه‌م ڕووماڵ کردنه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مای «پلانی کار» بۆ پێکانی ئامانج.

بڕوانه‌ ڕاهێنانی «فراژووتنێکی دێمۆکراتانه‌ی سازمان».


Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

کووره‌هه‌نگ

ماوه‌ی چه‌ند خوله‌کێک وانه‌گوتنه‌وه‌ ڕاده‌گێری، به‌شداربوان دوودوو پرسێکی تایبه‌ت گفتوگۆ ده‌که‌ن و پۆله‌که‌ پڕ ده‌بێ له‌ واژه‌واژ.

بڕوانه‌ «بژاره‌کانی ئازاد و نه‌وزاد».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

هێڵ

مێتودی «هێڵ» گه‌ر مه‌ودا به‌رین بێ، بۆ زۆر بار سوودبه‌خشه‌. ده‌کرێ وه‌ک بزوێنه‌ر، ته‌رمۆمه‌ترێکی خێرا و پێوه‌ر بخرێته‌ کار.

ڕێبه‌ر هێڵێکی خه‌یاڵکرد به‌ نێوه‌ندی ژووه‌که‌دا ده‌کێشێ. ئه‌مسه‌ریان نیشانه‌یه‌ بۆ «ئه‌رێ، ڕێک وه‌هایه!»، ئه‌وسه‌ریان ده‌ڵێ «نه‌خێر، نا، هیچ وا نییه‌!». به‌شداربوان ده‌بێ هه‌ڵوێست وه‌ر بگرن له‌ گریمانه‌یه‌کی ڕێبه‌ری خوله‌که‌ به‌وه‌ی جێیه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و «هێڵ» ـه‌ بگرن. وه‌ها باشه‌ نێوه‌ندی هێڵه‌که‌ به‌ کاڵایه‌ک نیشانه‌ بکه‌ ئاسان نه‌بێ به‌شداربوان بێلایه‌ن بن و نێوه‌ند بگرن.

پاش ئه‌وه‌ی گشت به‌شداربوان جێی خۆیان له‌سه‌ر هێڵ ده‌گرن، ئه‌وجا ده‌رفه‌ت بده‌ چه‌ند که‌سێک دیدی خۆی ڕوون بکاته‌وه‌: بۆچی ئه‌و جێگه‌ و هه‌ڵوێسته‌ی گرتوه‌؟ له‌م مێتوده‌دا ئاشکرا ده‌بێ که‌ زۆر جار خه‌ڵک به‌ هه‌مان به‌ڵگه‌ و هۆکار جێگه‌ی جیاواز ده‌گرن و له‌وانه‌یشه‌ به‌ به‌ڵگه‌ و هۆکاری جیاوازه‌وه‌ له‌ یه‌ک جێگه‌دا کۆ ببنه‌وه‌.

ده‌کرێ چه‌ند گریمانه‌یه‌ک، به‌ دوا یه‌کدا، بخرێنه‌ به‌رباس و به‌شداربوانیش په‌یتاپه‌یتا هه‌ڵوێستیان لێ وه‌ربگرن.

بڕوانه‌ هه‌ر دوو ڕاهێنانی «پلاتفۆرمێکی دێمۆکرات» و «کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی ڕاهێزراو».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

سێره‌ی گرووپ

لێره‌دا هه‌موو به‌شداربوان له‌ ڕێی گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تێکی تایبه‌ت به‌ شێوه‌یه‌کی چوست به‌شدار ده‌بن. دوور نییه‌ بگه‌نه‌ وێنه‌یه‌کی هاوکۆ ده‌رباره‌ی سه‌رشاری باسه‌که‌ و له‌ویشه‌وه‌ به‌ره‌و داڕشتنی پلانی کار. ئه‌م مێتوده‌ ده‌کرێ بخرێته‌ کار بۆ پێوانه‌ی جۆرایه‌تی، داڕشتنی فۆرمی ڕاپرسی، داڕشتنی پێناسه‌ی چه‌مک و هه‌روه‌ها بۆ چاره‌ کردنی ناڕه‌زایی.

ژماره‌ی به‌شداربوان ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی 25-30 که‌س بن. مێتوده‌که‌ش ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی هه‌یه‌:

1)      دیاری کردنی بابه‌ت

2)      بیرۆکه‌بارانه‌

3)      پێشه‌می دانان – یه‌کیه‌ک یان به‌ گرووپ

4)      هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ئێستا – یه‌کیه‌ک یان به‌ گرووپ

5)      شرۆڤه‌کاریی هاوکۆ

هه‌روه‌ها بڕوانه‌ ڕاهێنانی «جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆژه‌ڤ»

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

گرووپی تێهه‌ڵکێش

مێتودێکی ساکار و کاریگه‌ره‌، گورج زانیاری په‌خشان ده‌کات له‌ نێو گرووپی گه‌وره‌دا. به‌ تێکبه‌ستن له‌گه‌ڵ «بازنه» دا به‌شداری ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی. بریتییه‌ له‌وه‌ی گرووپی نوێ دروست ده‌که‌یت له‌ ئه‌ندامی گرووپه‌ جیاوازه‌کانی بازنه‌ی گفتوگۆی پێشوو. له‌ هه‌ر گرووپێکی تێهه‌ڵکێشدا، نوێنه‌ری گشت گفتوگۆیه‌کانی تێدایه‌. به‌م جۆره‌ هه‌موو که‌سێک زانیاری وه‌رده‌گرێ ده‌رباره‌ی گفتوگۆی سه‌رجه‌م گرووپه‌کان و ئه‌مه‌ش به‌ ماوه‌یه‌کی ته‌واو کورتتر له‌وه‌ی هه‌ر گرووپێک کاری خۆی بۆ هه‌موان ڕوون بکاته‌وه‌.

ئه‌وجا بڕوانه‌ ڕاهێنانی «فراژووتنی دێمۆکراتانه‌ی سازمان» و «کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی ڕاهێزراو».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in مێتود, مێتودنامه‌

سووڕ

له‌ جڤیندا، نۆره‌ی ئاخافتن ده‌سووڕێ و هه‌موو که‌سێک به‌ ڕیز سه‌ره‌ی خۆی ده‌بێ. له‌ سه‌ره‌ی خۆیدا، مرۆڤ له‌ کاتی دیاریکراودا، چه‌ند خوله‌کێک، باسه‌که‌ی خۆی پێشکه‌ش ده‌کات بێ ئه‌وه‌ی که‌سی دیکه‌ پێی ببڕێ. له‌ سووڕدا مرۆڤ گه‌ر باسی تایبه‌تی نه‌بێ بۆی هه‌یه‌ له‌ نۆره‌ی خۆی خۆش بێ، به‌ڵام که‌س بۆی نییه‌ سه‌رنج و تێبینی هه‌بێ ده‌رباره‌ی گوته‌ی که‌سێکی دیکه‌، ئێره‌ بواری گفتوگۆ نییه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی «سووڕ» به‌ ڕێکی بێ ڕێبه‌ر بچه‌رخێ ده‌بێ سه‌ره‌تا تێمایه‌ک (بابه‌تێکی باس) دیاری بکرێ، بۆ نموونه‌:

1- سووڕی ئێره‌ و ئێستا – لێره‌دا هه‌موو که‌سێک ئه‌و باسانه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئێستا لێره‌دا خه‌یاڵی جه‌نجاڵ کردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پاشان هه‌ر هه‌موو به‌ته‌واوی سه‌رنجه‌وه‌ به‌شداری جڤینه‌که‌مان بین.

2- سووڕی ڕۆژه‌ڤ – له‌ پرسه‌کانی ڕۆژه‌ڤی ئه‌م جڤینه‌ کامه‌ پرس به‌لای منه‌وه‌ له‌ هه‌موان گرینگتر بوو.

3- سووڕی ڕووماڵ – به‌ر له‌ ده‌ستپێکی گفتوگۆ، کامه‌ پرس گرینگه‌ کاتی گفتوگۆ له‌ یادمان بێ.

4- سووڕی پێشنیاز – پاش گفتوگۆ، هه‌ر که‌سێک پێشنیاز ده‌دات بۆ بڕیارێک، به‌ بێ به‌ڵگه‌کاری و گفتوگۆ

5- سووڕی کۆتا – ده‌مه‌و کۆتابوونی جڤین، چی باش بوو له‌م جڤینه‌دا و چی ده‌کرێ باشتر بێ.

بڕوانه‌ «ڕێبه‌رایه‌تیی دێنمۆکراتانه‌»

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in ده‌ستاوێژ بۆ جڤینی باشتر, مێتود, مێتودنامه‌

ده‌ستکه‌لای گوتار

تۆپێکی نه‌رم و‎ سووکه‌ڵه‌ ده‌درێته‌ ده‌ست که‌سی ئاخێوه‌ر و ده‌یکاته‌ جێی سه‌رنج. ئه‌م ده‌ستکه‌لایه‌ ماف ده‌داته‌ ئاخێوه‌ر گوته‌ی خۆی هه‌بێ بێ ئه‌وه‌ی که‌س پێی ببڕێ. ده‌ستکه‌لا بۆ ڕاکێشانی سه‌رنجی ئاپۆره‌یه‌ بۆ که‌سی ئاخێوه‌ر بێ ئه‌وه‌ی که‌سی دیکه‌ په‌رتی بکات. پاش که‌مێک ڕاهێنان مرۆڤ فێر ده‌بێ ته‌نانه‌ت له‌ جڤینی گه‌وره‌شدا بێ سه‌رۆک و ده‌مڕاست، به‌ ڕاده‌ست کردنی ئه‌م ده‌سته‌کلایه‌ نۆره‌ی ئاخافتن بداته‌ هاوڕێیان.

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in ده‌ستاوێژ بۆ جڤینی باشتر, مێتود, مێتودنامه‌

سووڕاندنی کارکردی جڤین

ڕێبه‌رایتیی جڤین ئه‌رکێکی ئاڵۆزه‌ و ده‌کرێ دابه‌ش بکرێت به‌سه‌ر چه‌ند که‌سێکدا. گه‌ر ئه‌م ئه‌رکه‌ له‌ نێو ئه‌ندامانی په‌یوه‌ستدا بسووڕێ، ئه‌وا هه‌موو که‌سێک ده‌رفه‌تی ده‌بێ بۆ په‌ی بردن به‌ چۆنیه‌تی چه‌رخانی سازمان و باشتر به‌رپرسایه‌تیی جڤین ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

ڕێبه‌ری جڤین – یه‌که‌م ئه‌رکی ڕێبه‌ر دابه‌شینی سه‌ره‌ی ئاخافتنه‌ له‌ جڤینه‌که‌دا و ئه‌وجا ڕێبه‌رایه‌تیشه‌ به‌وه‌ی:
–    داوا له‌ که‌سانی درێژدادڕ بکات بگه‌نه‌ کڕۆکی باس،
–    خۆی پوخته‌ی گفتوگۆی جڤین پێشکه‌ش بکات،
–    گفتوگۆ به‌ره‌و بڕیاردان به‌رێت و … هتد.
گرینگه‌ ڕێبه‌ری جڤین هاوکات باسی تایبه‌تیشی نه‌بێت. گه‌ر هه‌یبوو ده‌بێ که‌سێکی دیکه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک ڕێبه‌رایه‌تییه‌که‌ بکات.
– سکرتێر – له‌ هه‌موو دۆزێکدا که‌ دێته‌ به‌رباس، بڕیاره‌که‌ دووباره‌ ڕوون ده‌کاته‌وه‌ و پرۆتۆکۆلنووسی ده‌کا بۆ دیڤچوون له‌ جڤینی داهاتوودا
– کاتڕاگر – که‌سێکه‌ ئاگاداری کاته‌، ڕێ نادات گفتوگۆ له‌ سنووری کاتی ته‌رخان ده‌رچێت و هه‌روه‌ها ئاگای له‌وه‌یه‌ جڤینه‌که‌ له‌ کاتی خۆیدا ته‌واو بێ. چونکه‌ که‌سێک هه‌یه‌ به‌رپرسی کاته‌، ئه‌وانه‌ی دیکه‌ خه‌ریکی خاڵه‌کانی جڤینه‌که‌ ده‌بن و په‌رۆشی کات نابن.
– چاودێر – وه‌ها باشه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێکی جڤین ناوزه‌د بکرێ به‌تایبه‌تی گه‌ر خاڵ هه‌بێ له‌ فه‌رهه‌نگی جڤیندا پێویستی به‌ سه‌رنجی تایبه‌ت بێ، بۆ نموونه‌: دابه‌شینی کاتی ئاخافتن، گوته‌ی زێڕینی وه‌ها شایانی تۆمار کردن بێ، ته‌کنیکی خۆسه‌پاندن، پێویستبوونی وچان و … هتد.
ته‌کنیکی یه‌که‌م و دوه‌م، «ده‌سکه‌لای ئاخافتن» و «سووڕ»، ئاسانه‌ یه‌کسه‌ر پیاده‌یان بکه‌یت و ئه‌نجامی باشیان لێ وه‌ربگریت. ته‌کنیکی «ڕۆژه‌ڤی هاوکۆ» و «سووڕاندنی کارکردی جڤین» پیویستیان به‌ ڕاهێنانه‌. گه‌ر مرۆڤ سه‌رکه‌وتوو بێ له‌ دامه‌زراندنی ئه‌م چوار ته‌کنیکه‌دا، ئه‌وا مه‌ودایه‌کی باش ده‌بڕێ له‌ دابه‌شینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ڕێبه‌ستن له‌ مه‌یلی هه‌ڵاواردن له‌ نێو سازماندا.
ئه‌وجا بڕوانه‌ ڕاهێنانی «فراژووتنی دێمۆکراتانه‌ی سازمان».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in ده‌ستاوێژ بۆ جڤینی باشتر, مێتود, مێتودنامه‌

ڕۆژه‌ڤی هاوکۆ

ده‌ستپێکی جڤین سووڕێکه‌ تێیدا ئه‌ندامان ڕوونی ده‌که‌نه‌وه‌:

کامه‌ پرس به‌لایانه‌وه‌ گرینگه‌ باس بکرێ –
مه‌به‌ستیان له‌و باسه‌ چییه‌: په‌خشانی زانیارییه‌، گفتوگۆیه‌ یان بڕیاردان –
ئه‌و باسه‌ چه‌ندی کات پێوسته‌ له‌م جڤینه‌دا –

وه‌ها باشه‌ ئه‌و خاڵانه‌ له‌سه‌ر کاخه‌زێکی گه‌وره‌ بنووسرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موان ڕوون بێ. گه‌ر ئاشکرا بوو که‌ کاتی پێویست بۆ گفتوگۆی ئه‌و خاڵانه‌ی ڕۆژه‌ڤ سنووری کاتی ته‌رخانی جڤینه‌که‌ ده‌به‌زێنێ، ئه‌وسا ده‌بێ بێنه‌وبه‌ره‌ له‌گه‌ڵ یه‌کبه‌یه‌کی ئه‌ندامان بکرێ له‌سه‌ر کاتی پێویست بۆ خاڵه‌کانیان – له‌وانه‌یه‌ خاڵ هه‌بێ بخرێته‌ جڤینی داهاتوو. پاش ئه‌م بێنه‌وبه‌ره‌یه‌ بڕیار ده‌درێ له‌سه‌ر ڕیزبه‌ندی خاڵه‌کان، کامیان له‌ پێش و کامیان له‌ پاش دێنه‌ به‌رباس. ئه‌وجا هه‌ر که‌س به‌رپرسه‌ له‌وه‌ی خاڵه‌که‌ی خۆی پێشکه‌ش جڤینه‌که‌ بکات. ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ کات زۆر نابات و ده‌شبێته‌ مایه‌ی .

ڕیزبه‌ندییه‌کی «هاوکۆ» ی ڕۆژه.

»بڕوانه‌ «ڕێبه‌رایه‌تیی دێنمۆکراتانه‌

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in ده‌ستاوێژ بۆ جڤینی باشتر, مێتود, مێتودنامه‌