Blog Archives

له‌ پێداویستییه‌وه‌ بۆ ماف

مه‌به‌ست
ده‌رفه‌ت به‌ به‌شداربوان بده‌ بۆ ئه‌وه‌ی:
چالاکانه‌ خه‌ریکی «مافنامه‌ی مرۆڤ» – بن.
سه‌رنج بده‌نه‌ جیاوازیی نێوان بیرۆکه‌ی ئه‌بستراکت و گوزه‌رانی ڕۆژانه‌.

 1) «بیرۆکه‌بارانه»

به‌شدابوان دابه‌ش بکه‌ به‌سه‌ر گرووپی 5-6 که‌سیدا و ئه‌مه‌ش ڕێنوێنی:

– «گریمان سبه‌ی تووشی پێشهاتێکی کوشنده‌ ده‌بیت. له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا پێشنیازێکت پێشکه‌ش ده‌کرێ که‌ جارێکی دیکه‌ بزێیته‌وه‌ (بێیته‌وه‌ دونیا)، به‌ڵام نه‌ وه‌ڵاتی تازه‌ت لێ دیاره‌ نه‌ پێگه‌ی جڤاکیی خێزانت. له‌ ئاست پێشنیازی وه‌ها ڕیسکداردا چی ده‌که‌یت؟

– وردتر بڵێین: هه‌لومه‌رجی ژیانێکی تاڕاده‌یک گونجاو، چییه‌؟ کامه‌ هه‌لومه‌رجه‌ی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێ دابین بێ بۆ گوزه‌رانێکی مرۆڤدۆستانه‌؟ وه‌ڵامه‌کان، هه‌ر یه‌ک له‌سه‌ر پارچه‌ کاخه‌زێکی Post-It بنووسن. هه‌تا ده‌کرێ خاڵی به‌رجه‌سته‌ (کۆنکرێت) داڕێژن».

2) «مافنامه‌ی مرۆڤ»

نووسیاره‌که‌ی «مافنامه‌ی مرۆڤ» به‌سه‌ر به‌شداربواندا دابه‌ش بکه‌ و ده‌ خوله‌کیان بده‌رێ بیخوێننه‌وه‌. هه‌تا ئه‌وان ته‌واو ده‌بن، ئه‌م سه‌ره‌دێڕانه‌ له‌سه‌ر کاخه‌زێکی گه‌وره‌ به‌ خه‌تی درشت بنووسه‌وه‌ و پاشان کاخه‌زه‌که‌ به‌ دیواردا وه‌ها هه‌ڵواسه‌ له‌ هه‌موان دیار بێ:

HR_and_Democracy_3

 1) پۆلێن و به‌ستنه‌وه‌ی «پێداویستی» و «ماف»

داوا بکه‌ هه‌ر گرووپه‌ی وێکڕا «پێداویستیی بنه‌ڕه‌تی»‌‌ی «بیرۆکه‌بارانه»‌‌ی خۆیان پۆلێن بکه‌ن
کام له‌و خاڵانه‌ی گرووپه‌که‌ دیاریی کردوون، له‌ تابلۆی «مافنامه‌ی مرۆڤ» دا به‌ ڕوونی هاتۆته‌ ده‌ربڕین؟ (بۆ نموونه‌ «خۆشه‌ویستی» له‌وێدا نه‌هاتوه‌).
له‌سه‌ر کاخه‌زێکی گه‌وره‌ هه‌ر گرووپه‌ی سه‌ره‌دێڕه‌کانی تابلۆی «مافنامه‌ی مرۆڤ» بنووسنه‌وه‌ و به‌ دیواردا هه‌ڵیواسن.

د2) گرد کردنه‌وه‌ و بیردانه‌وه‌
هه‌ر گرووپێک پارچه‌ کاخه‌زه‌کانی خۆی، له‌سه‌ر تابلۆی «مافنامه‌ی مرۆڤ» ی خۆی، له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌و سه‌ره‌دێڕه‌ی گونجاوه‌، جێگیر بکات –
ئه‌وجا هه‌موو له‌و دیمه‌نه‌ ڕاده‌مێنین که‌ ساز بوه‌. ئایه‌ سه‌ردێڕ هه‌یه‌ ده‌وروبه‌ری په‌رت و کاڵ بێ؟ خاڵ هه‌یه‌ زۆر چڕ و پڕ بێ؟ شرۆڤه‌مان بۆ ئه‌م دیمه‌نه‌ چییه‌؟ –
ئه‌دی ئه‌و کاخه‌زانه‌ی زیاده‌بوون باس له‌ چی ده‌که‌ن؟ –

3) چاره‌ی سیاسی

به‌م کاره‌، ئێوه‌ وێکڕا چێوه‌یه‌کی سیاسیتان بۆ ئه‌و وه‌ڵاته‌ داڕشت که‌ پێتان وایه‌ تاڕاده‌یه‌ک گونجاوه‌ بۆ ژیانێکی ڕێزدارانه‌ی وه‌ها خۆتان بتوانن تێیدا بژین.
– نیشانه‌یه‌کی که‌سک له‌و کاخه‌زه‌ بده‌ن که‌ پێتان وایه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌بێ پێشه‌می به‌رزی بداتێ.
– نیشانه‌یه‌کی سوور له‌و کاخه‌زه‌ بده‌ن که‌ پێتان وایه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ هیچ جۆرێک نابێ ده‌ستی تێ وه‌ردات.
– ئه‌م «نیشانه‌کاری» ـیه‌ بخه‌نه‌ گفتوگۆوه‌ (بڕوانه‌ پاشکۆی مێتودنامه‌): چ شیمانه‌یه‌ک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌و جۆره‌ کار بکات که‌ ئێوه‌ بیرتان لێ کردۆته‌وه‌.

تێبینی
– به‌گشتی ده‌وروبه‌ری سه‌ره‌دێڕی «مافی ئابووری، جڤاکی و فه‌رهه‌نگی» زۆر جار چڕ ده‌بێ، به‌ڵام سه‌ره‌دێڕی «ده‌ستووربه‌ندی» و «هاوزێده‌تی و ئازادیی گه‌ڕان» و هه‌روه‌ها «خێزان و موڵکایه‌تی» ده‌وروبه‌ریان په‌رته‌. ئه‌ویان چڕه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرێدراوی گوزه‌رانی ڕۆژانه‌یه‌ به‌ هه‌موو واتاکێشه‌کیی به‌رجه‌سته‌یانه‌وه‌. گرووپه‌که‌ی دیکه‌ی ماف به‌گشتی ئه‌بستراکتتر دێنه‌ به‌ر هۆش. ده‌کرێ ئه‌مانیش لایه‌نی که‌م وه‌ک ئه‌وانه‌ی دیکه‌ گرینگ بن، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وان به‌ ئاسانی هۆش پێیان ناشکێ.
– له‌و گرده‌ پارچه‌ کاخه‌زی نه‌کرا له‌ تابلۆی «مافنامه‌ی مرۆڤ» دا جێیان بکرێته‌وه‌، زۆر جار دۆزی ژینگه‌ ده‌دۆزینه‌وه‌. سه‌رده‌می سه‌لماندنی «مافنامه‌ی مرۆڤ»، ساڵی 1948، کێشه‌ی شێواندنی ژینگه‌ دۆزێکی سیاسیی هێنده‌ گه‌رم نه‌بوو.
– جار هه‌یه‌ کاخه‌زی وه‌ها ده‌خزێته‌ نێو تابلۆی «مافنامه‌ی مرۆڤی» ی گرووپه‌کان، په‌یوه‌ندیی وه‌هایان نییه‌ به‌ مافنامه‌که‌وه‌. ته‌نانه‌ت پۆلێنی کاخه‌زه‌کان له‌ ده‌وری سه‌ره‌دێڕه‌کانیش جار هه‌یه‌ ده‌بنه‌ جێی سه‌رنج و گفتوگۆ. ڕێبه‌ری به‌رنامه‌که‌ نابێ ئه‌م ورده‌باسانه‌ گه‌وره‌ بکات.

«مافنامه‌ی مرۆڤ» – جاڕنامه‌ی UN ده‌رباره‌ی مافی مرۆڤ

Universal Declaration of Human Rights

به‌ندی 1.

هه‌موو مرۆڤێک به‌ ئازادی زاوه‌ و هه‌موان هاو بایه‌خ و مافن. مرۆڤ خاوه‌ن هۆش و ویژدانن و ده‌بێ هه‌ڵوێستیان له‌ یه‌کدی برایانه‌ بێ.

به‌ندی 2.

ئه‌م ئازادی و مافانه‌ی له‌م مافنامه‌یه‌دا باسیان هاتوه‌، هه‌موو مرۆڤێک ده‌گرێته‌وه‌ بێ هیچ جۆره‌ جیاوازییه‌کی وه‌ک، ڕه‌گه‌ز، ڕه‌نگی پێست، زایه‌ند، زمان، دین، بیروڕای سیاسی، یان هی دیکه‌، ڕیشه‌ی میللی یان جڤاکی، موڵکایه‌تی، ڕه‌چه‌ڵه‌ک، یان هه‌ر پێگه‌یه‌کی دیکه‌ بێ.

ئه‌وجا، نابێ هیچ جیاوازییه‌ک بکرێ له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵوێستێکی سیاسی، قانوونی یان نێوده‌وڵه‌تی، که‌ وه‌ڵات یان ناوچه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌یگرێ، جا ئه‌و وه‌ڵات یان ناوچه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆ بێ، ژێر چاودێری بێ، خۆفه‌رمان نه‌بێ، یان هه‌ر لایه‌نێکی دیکه‌ی سه‌روه‌ریی خۆی دۆڕاندبێ.

به‌ندی 3.

هه‌موو مرۆڤێک مافی ژیان، ئازادی و ئاساییشی که‌سه‌کی هه‌یه‌.

به‌ندی 4.

نابێ هیچ مرۆڤێک به‌ کۆیله‌ و نۆکه‌ر بگیرێ. هه‌موو جۆرێکی کۆیله‌تی قه‌ده‌خه‌یه‌.

 

 

به‌ندی 5.

نابێ هیچ مرۆڤێک بخرێته‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ یان هه‌ڵسوکه‌وت و سزای دڕی، نامرۆیانه‌ی ڕووشکێنه‌وه‌.

به‌ندی 6.

هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو بارێکدا وه‌ک مرۆڤ به‌ واتای قانوونی بسه‌لمێنرێ.

به‌ندی 7.

هه‌موو که‌س یه‌کسانه‌ له‌ ئاست قانووندا و هه‌موو که‌س بێ جیاوازی مافی یه‌کسانی پاراستنی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن قانوونه‌وه‌. هه‌موو که‌سێک مافی یه‌کسانی هه‌یه‌ بپارێزرێ له‌ هه‌موو جیاوازییه‌کی دژ به‌م مافنامه‌یه‌ و هه‌روه‌ها دژ به‌ هه‌ر ساز کردنی جیاوازیی له‌و بابه‌ته‌.

به‌ندی 8.

هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن دادگه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ یارمه‌تی کارا بکرێت به‌رانبه‌ر هه‌ر کردارێک دژی مافی بنه‌ڕه‌تی بێت که‌ ده‌ستوور و قانوون ده‌یسه‌لمێنن.

به‌ندی 9.

نابێ هه‌ر له‌خۆڕا مرۆڤ بگیرێ، زیندانی بکرێت یان وه‌ڵاتبه‌ده‌ر بکرێت.

به‌ندی 10.

هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ به‌ ئه‌وپه‌ڕی یه‌کسانییه‌وه‌ له‌ دادگه‌ی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ندا دۆزه‌که‌ی به‌ ئاشکرا و دادپه‌روه‌رانه‌ یه‌کلا بکرێته‌وه‌، چ ماف و ئه‌رکی بێت چ تاوانێکی ئاڕاسته‌ کرابێت.

به‌ندی 11.

1- هه‌موو مرۆڤێک که‌ به‌رگومان بێت به‌ کردارێکی به‌رسزا، مافی هه‌یه‌ به‌ بێتاوان دابنرێ، هه‌تا ئه‌و ده‌مه‌ی گوناهه‌که‌ی به‌ گوێره‌ی قانوون ده‌سه‌لمێندرێ له‌ دادگه‌ی کراوه‌دا، که‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێکی ده‌داتی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی داکۆکی کردن له‌ خۆی.

2- هیچ مرۆڤیک نابێ سزا بدرێ به‌ کردارێک یان ناکردارێک که‌ کاتی ڕوودانی به‌ قانوونی میللی یان نێوده‌وڵه‌تی به‌رسزا نه‌بووبێ (به‌ تاوان دانه‌نرابێ). ناشبێ سزایه‌ک بدرێ گرانتر بێ له‌و سزایه‌ی ده‌می ڕوودانی ئه‌و کرداره‌ به‌رسزایه‌ ڕه‌وا بوه‌.

به‌ندی 12.

هیچ مرۆڤیک نابێ له‌خۆڕا تووشی، ده‌ستتێوه‌ردانی ژیانی که‌سه‌کی، خێزان، ماڵ و په‌یوه‌ندی بێ، یان په‌لاماردانی شه‌ره‌ف و ناوبانگ بێ. هه‌موو که‌سێک مافی پاراستنی قانوونیی هه‌یه‌ له‌ ده‌ستتێوه‌ردان و په‌لاماردانی له‌و بابه‌ته‌.

به‌ندی 13.

1- هه‌موو که‌سێک له‌ سنووری هه‌موو ده‌وڵه‌تێکدا مافی هه‌یه‌ ئازادانه‌ بگه‌ڕێ و نشیمه‌نی خۆی هه‌ڵبژێرێ.

2- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ هه‌موو وه‌ڵاتێک به‌جێ بێڵێت، با وه‌ڵاتی خۆیشی بێ، و هه‌روه‌ها مافی هه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ وه‌ڵاتی خۆی.

به‌ندی 14.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ له‌ وه‌ڵاتی دیکه‌ هه‌م داوای په‌نابه‌ری بکات و هه‌م په‌نای بدرێ بۆ ڕزگاربوون له‌ سته‌مکاری.

2- ئه‌م مافه‌ که‌سانێک ناگرێته‌وه‌ دادگه‌ داوایان بکات، له‌سه‌ر دۆزی به‌ڕاستی ناسیاسی یان دژ به‌ بنه‌ما و ئامانجه‌کانی ده‌وڵه‌تانی یه‌کگرتوو UN.

به‌ندی 15.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی هاوزێده‌تییه‌کی هه‌یه‌.

2- نابێ له‌خۆڕا مافی هاوزێده‌تی له‌ هیچ مرۆڤێک بسه‌ندرێته‌وه‌ و نابێ مافی گۆڕینی هاوزێده‌تی لێ زه‌وت بکرێ.

به‌ندی 16.

1- ژن و پیاوی ڕسکاو مافی‌ هاوسه‌ری و دامه‌زراندنی خێزانیان هه‌یه، بێ هیچ سنووردارییه‌ک بنه‌مای له‌سه‌ر ڕه‌گه‌ز، هاوزێده‌تی یان دین بێ. هه‌ردووکیان خاوه‌ن مافی یه‌کسانن کاتی هاوسه‌ری، له‌ ماوه‌ی هاوسه‌ریدا و له‌ کاتی جودابوونه‌وه‌دا.

2- هاوسه‌ریی ته‌نها به‌ دڵاسووده‌یی (ڕه‌زامه‌ندیی) ئازاد و ته‌واوی هه‌ردوو هاوسه‌ر ده‌بێ.

3- خێزان یه‌که‌ی خۆرسک و بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ جڤاتدا و مافی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن جڤات و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێته‌ پاراستن.

به‌ندی 17.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی موڵکایه‌تی هه‌یه‌ چ به‌ ته‌نێ و چ له‌ په‌یوه‌ست له‌گه‌ڵ که‌سانی دیکه‌.

2- نابێ هیچ مرۆڤێک له‌خۆڕا موڵکی لێ زه‌وت بکرێ.

 

 

به‌ندی 18

هه‌موو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیر، ویژدان و دینی هه‌یه‌. واته‌ مرۆڤ ئازاده‌ له‌ گۆڕینی دین و گۆڕینی باوه‌ڕ و هه‌روه‌ها ده‌ربڕین له‌ دین و باوه‌ڕ به‌ تاک یان به‌ کۆمه‌ڵ، ئاشکرا یان نهێنێ، له‌ ڕێی خوێندنه‌وه‌، په‌رستنه‌وه‌، په‌یڕه‌وی و ڕێز گرتنی ڕێوڕه‌سمه‌وه‌.

به‌ندی 19.

هه‌موو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ده‌ربڕینی هه‌یه‌. به‌ گوێره‌ی ئه‌م مافه‌ هه‌موو مرۆڤێک بێ ده‌ستتێوه‌ردان ئازاده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی بیروڕا، گه‌ڕان به‌دوای زانیاری، وه‌رگرتن و په‌خشی زانیاری و بیروڕا به‌ هه‌موو ده‌ستاوێژێکی ده‌ربڕین و بێ گوێدانه‌ سنووری ناوچه‌.

به‌ندی 20.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ ئازادانه‌ به‌شداری په‌یوه‌ست و جڤین (کۆبوونه‌وه‌) ی ئاشتییانه‌ بێ‌.

2- نابێ هیچ مرۆڤێک ناچار بکرێ ببێته‌ ئه‌ندامی په‌یوه‌ستێک.

به‌ندی 21.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ به‌شداری به‌ڕێوه‌بردنی وه‌ڵاتی خۆی هه‌یه‌، ڕاسته‌وخۆ یان له‌ ڕێی نوێنه‌ری ئازادانه‌ هه‌ڵبژێردراو.

2- هه‌موو مرۆڤێک مافی یه‌کسانی هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی کارمه‌ندێتی گشتیی له‌ وه‌ڵاتی خۆیدا.

3- ویستی میلله‌ت سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌. ئه‌م ویسته‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی دروست و ماوه‌ماوه‌ دێته‌ ده‌ربڕین، هه‌ڵبژاردنیش به‌ مافی گشتی و یه‌کسانی ده‌نگدان پیاده‌ ده‌کرێ و له‌ ڕێی ده‌نگدانی نهێنییه‌وه‌ یان هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی هاوبایه‌خی ده‌نگدانی ئازاده‌وه‌.

به‌ندی 22.

هه‌موو مرۆڤێک چونکه‌ ئه‌ندامی جڤاته‌ مافی ئاسووده‌گیی جڤاکیی هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ بڕاستێنرێ (ته‌حقیق بکرێ) له‌ ڕێی خه‌باتی میللی و هاریکاریی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ و به‌ ڕه‌چاو گرتنی سازمان و ده‌رامه‌دی هه‌ر ده‌وڵه‌تێک، بۆ دابین کردنی مافگه‌لی ئابووری، جڤاکی و فه‌رهه‌نگیی که‌ پێویستن بۆ پاراستنی سه‌روه‌ریی مرۆڤ و بۆ فراژووتنی ئازادانه‌ی که‌سایه‌تیی مرۆڤ.

به‌ندی 23.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌: کار بکات، ئازادانه‌ پیشه‌ هه‌ڵبژێرێت، هه‌لومه‌رجی پیشه‌که‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ و دڵاسووده‌به‌خش بێ و هه‌روه‌ها مافی پاراستنی هه‌یه‌ له‌ بێکاری.

2- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ بێ جوداوازی هه‌مان مووچه‌ی هه‌بێ به‌رانبه‌ر هه‌مان کار.

3- هه‌موو مرۆڤێک که‌ کار ده‌کات، مافی هه‌یه‌ مزه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ و دڵاسووده‌به‌خش وه‌ر بگرێ، که‌ گوزه‌رانێکی مرۆڤشیاو بۆ خۆی و خێزانی ده‌سته‌به‌ر بکات و، له‌ بارودۆخی پێویستدا، ده‌ستاوێژی دیکه‌شی بچێته‌ پاڵ بۆ پاراستنی جڤاکی.

4- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌م سه‌ندیکا دامه‌زرێنێ و

هه‌م ببێته‌ ئه‌ندامی سه‌ندیکا.

به‌ندی 24.

هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ کاتی سه‌ربه‌ست (کاری ئازادی بێکاری) و پشووی هه‌بێ، که‌ ده‌کاته‌وه‌ دیاری کردنی سنوورێکی گونجاو بۆ کاتی کار و ماوه‌ی وچان (ماوه‌ی بێکاری) ی مووچه‌دار.

 

 

به‌ندی 25.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ بۆ ئاستێکی ژیان که‌ گونجاو بێ بۆ ساخڵه‌می و خۆشگوزه‌رانیی خۆی و خێزانی، که‌ ده‌کاته‌وه‌ خۆراک، پۆشاک، نشیمه‌نی، ساخڵه‌می و خزمه‌تگوزاریی پێویستی جڤاکی، و هه‌روه‌ها مافی ئاسووده‌گی له‌ کاتی بێکاری، نه‌خۆشی، په‌ککه‌وتن، مه‌رگی هاوسه‌ر، پیری یان زیانی دیکه‌ی ڕێگری بژێوی له‌ هه‌لومه‌رجی وه‌هادا که‌ له‌ توانای ئه‌م به‌ده‌ر بن.

2- دایک و زارۆک مافیان هه‌یه‌ بۆ په‌رۆشداری و یارمه‌تیی تایبه‌ت. هه‌موو زارۆکان، چ له‌ نێو چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیریدا زا بن خاوه‌ن هه‌مان مافی پاراستنی جڤاکین.

به‌ندی 26.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی فێرکاریی هه‌یه‌. فێرکاری لایه‌نی که‌م له‌ ئاستی سه‌ره‌تا و بنه‌ڕه‌تیدا ده‌بێ مفت (بێبه‌رانبه‌ر) بێ. فێرکاریی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێ ناچاری (ئیلزامی) بێ. فێرکاریی پیشه‌زانی و ته‌کنیکی ده‌بێ ڤه‌کری (ئاواڵه‌) بێ بۆ هه‌موان. فێرکاریی باڵا ده‌بێ ڤه‌کری بێ بۆ هه‌موان به‌ گوێره‌ی کارامه‌یی.

2- مه‌بستی فێرکاری ده‌بێ فراژووتنی ته‌واوی که‌سایه‌تی بێ و هه‌روه‌ها بۆ ڕاهێزانی ڕێزه‌ له‌ مافی مرۆڤ و ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی. فێرکاری ده‌بێ هانده‌ر بێ بۆ ده‌رک کردن، سنگفره‌وانی و دۆستایه‌تیی نێوان میلله‌تان، گرووپی ڕه‌گه‌زی و گرووپی دینی و هه‌روه‌ها بۆ پته‌و کردنی خه‌باتی UN بۆ دابین کردنی ئاشتی.

3- مافی هه‌ڵبژاردنی جۆری فێرکاری به‌ پله‌ی یه‌که‌م بۆ دایک و باوکانه‌.

به‌ندی 27.

1- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ ئازادانه‌ به‌شداری ژیانی فه‌رهه‌نگیی جڤات بێ، چێژ له‌ هونه‌ر وه‌ربگرێ و به‌شدار بێ له‌ پێشخستنی زانست و له‌ به‌هره‌کانی سوودمه‌ند بێ.

2- هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و ئه‌ده‌بی بپارێزرێ له‌ هه‌ر به‌رهه‌مێکی زانستی، ئه‌ده‌بی و هونه‌ری که‌ خۆی خاوه‌نی بێ.

به‌ندی 28.

هه‌موو مرۆڤێک مافی هه‌یه‌ به‌شێک بێ له‌ هه‌ر شیرازه‌یه‌کی جڤاکی و نێوده‌وڵه‌تی که‌ تێیدا ئازادی و مافی نێو ئه‌م مافنامه‌یه‌ به‌ ته‌واوی بڕاستێنێ.

به‌ندی 29.

1- هه‌موو مرۆڤێک ئه‌رکی له‌سه‌ره‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و جڤاته‌ی ده‌رفه‌ت ساز ده‌کات بۆ فراژووتنی ته‌واوی که‌سایه‌تی خۆی به‌ته‌نێ.

2- هه‌موو مرۆڤێک له‌ پیاده‌ کردنی ئازادی و مافی خۆیدا سه‌رفروو دێنێ ته‌نها بۆ ئه‌و سنووربه‌ندییه‌ی که‌ قانوون دیاری کردوه‌ ته‌نها به‌ مه‌به‌ستی دابین کردنی ڕێز و ڕه‌چاوگیری بۆ ئازادی و مافی که‌سانی دیکه‌ و هه‌روه‌ها بۆ پیاده‌ کردنی مه‌رجی جڤاتی دێمۆکرات له‌ پێناو ئاکار، شیرازه‌ی گشتی و خۆشگوزه‌رانیی گشتی.

3- ئه‌م ئازادی و مافه‌ نابێ له‌ هیچ بارودۆخێکدا دژ به‌ بنه‌ما و ئامانجی UN بخرێنه‌ کار.

به‌ندی 30.

هیچ نییه‌ له‌م مافنامه‌یه‌دا به‌ شێوه‌یه‌ک لێک بدرێته‌وه‌ که‌ ماف بداته‌ ده‌وڵه‌تێک، گرووپێک یان تاکه‌که‌سێک خه‌ریکی چالاکییه‌ک بێ یان کارێک بکات مه‌به‌ست لێی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئازادی و مافی نێو ئه‌م مافنامه‌یه‌ بێ.

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ, پیاده‌كردن‏