Blog Archives

پلاتفۆرمێکی دێمۆکرات

مه‌به‌ست

داوا له‌ به‌شداربوان بکه‌:
– پێک بێن له‌سه‌ر پلاتفۆرمێکی دێمۆکراتی هاوکۆ
– ئه‌و پلاتفۆرمه‌ به‌راورد بکه‌ن به‌ «پێوانه‌ی دێمۆکراسی»
– ئاستی دێمۆکراسی له‌ «پڕۆسه‌ی بڕیار» ی خۆیاندا هه‌ڵسه‌نگێنن

 

 1) بێنه‌وبه‌ره‌ و بڕیاردان له‌ ده‌سته‌ی کاردا

به‌شداربون به‌سه‌ر ده‌سته‌ی کاری جیاوازدا دابه‌ش بکه‌، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک 4-5 که‌س. هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک سێ پارچه‌ کاخه‌زی A5 ی بده‌رێ، (گه‌ر بکرێ هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک ڕه‌نگی جیاواز) له‌ سه‌ری نووسرابێ:

«چی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌که‌ی ئێوه‌ به‌ شێوازێکی دێمۆکراتانه‌ بڕیار بدات؟ ڕێک بکه‌ون له‌سه‌ر 2-3 مه‌رج. هه‌ر مه‌رجێک له‌سه‌ر پارچه‌ کاخه‌زێک بنووسن. درشت بنووسن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دووریی چه‌ند مه‌تره‌وه‌ ببینرێ».

هه‌تا به‌شداربوان له‌ کاری خۆیان ده‌بنه‌وه‌، ڕێبه‌ری پۆل «چه‌رخی دێمۆکراسی» له‌سه‌ر کاخه‌زێکی گه‌وره‌ ده‌کێشێ و به‌ دیوارێکدا هه‌ڵی ده‌واسێ. ده‌بێ ڕووبه‌رێکی فره‌وان له‌ ده‌وری چه‌رخه‌که‌ کراوه‌ بێ چونکه‌ پاشان وه‌ڵامی به‌شداربوانی لێ ده‌درێ ده‌رباره‌ی «مه‌رجه‌کانی دێمۆکراسی».

2) گردبوونه‌وه‌ و پاشخان

ڕێبه‌ری پۆل قۆناخه‌ جیاوازه‌کانی «پڕۆسه‌ی بڕیار» به‌ یارمه‌تیی «چه‌رخی دێمۆکراسی» ڕوون ده‌کاته‌وه‌.

3) پێشکه‌ش کردنی پلاتفۆرمی دێمۆکراتی ده‌سته‌کانی کار

هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک نوێنه‌رێکی خۆی دیاری ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ پێش و «مه‌رج» ـه‌کانی خۆیان که‌ له‌سه‌ر کاخه‌زی A5 نووسراوه‌، نێزیک ئه‌و قۆناخه‌ی مه‌رجه‌که‌ ده‌گرێته‌وه‌، هه‌ڵواسن.
جاروبار مه‌رج هه‌یه‌ به‌ ئاسانی جێی نابێته‌وه‌ له‌ قۆناخێکی دیاریکراودا. له‌وانه‌یه‌ به‌شێک نه‌بن له‌ »پڕۆسه‌ی بڕیاردان»، به‌شێک بن له‌ »به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌کان». گه‌ر په‌یوه‌ندییان هه‌بوو به‌ »ده‌رکی ڕۆشناک» ـه‌وه‌ ئه‌وا ده‌خرێنه‌ نێوه‌ندی چه‌رخه‌که‌.
قۆناخ هه‌یه‌ له‌و مه‌رجانه‌ بێبه‌ش بێ؟

4) ورد کردنه‌وه‌ی «پێوانه‌ی دێمۆکراسی»

– ڕێبه‌ری پۆل، پێشکات «کێله‌ڕێ» ی داناوه‌ ده‌رباره‌ی «پێوانه‌ی دێمۆکراسی». ئه‌م پارچه‌ کاخه‌زانه‌، هه‌ر یه‌که‌یان، نێزیک قۆناخی خۆی له‌ »پڕۆسه‌ی بڕیار» دا هه‌ڵده‌واسرێ و به‌ کورتی ڕوون ده‌کرێته‌وه‌.

– ڕێبه‌ری پۆل، وه‌ڵامی ده‌سته‌کانی کار ده‌رباره‌ی پلاتفۆرمی دێمۆکرات به‌راورد ده‌کات به‌ «پێوانه‌ی دێمۆکراسی». زۆر جار پلاتفۆرمه‌کان به‌ ده‌سته‌واژه‌ی گشتیی وه‌ها ڕوون ده‌کرێنه‌وه‌، ڕێک دێن له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌کان.

5) هه‌ڵسه‌نگاندن: «پڕۆسه‌ی بڕیار» له‌ ده‌سته‌ی کاری خۆماندا و «پێوانه‌ی دێمۆکراسی»

هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک به‌ هاوده‌نگی بڕیاری ڕێساکانی خۆی داوه‌. ئه‌وجا ئه‌م ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌خرێته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ به‌رانبه‌ر «پێوانه‌ی دێمۆکراسی».

«فۆرمی هه‌ڵسه‌نگاندن» دابه‌ش بکه‌ به‌سه‌ر ده‌سته‌کاندا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌سته‌یه‌ک کاره‌که‌ی خۆی هه‌ڵسه‌نگێنێ.
له‌ هه‌موو پۆله‌که‌دا بگه‌ڕێ بزانه‌:

– که‌س باس له‌وه‌ ده‌کات ئایه‌ »کۆنترۆڵیان هه‌یه‌ به‌سه‌ر ڕۆژه‌ڤدا» (له‌ ڕاستیدا ڕێبه‌ری پۆل ئه‌م ڕۆژه‌ڤه‌ی داڕشتوه‌).

– هیچ ده‌سته‌یه‌ک هه‌یه‌ تێیدا هه‌موو ئه‌ندامان پێیان وه‌ها بێ له‌ بڕیارداندا وه‌ک یه‌ک ده‌ستڕۆ بن.

– ئه‌و خاڵه‌ چۆن یه‌کلا ده‌بێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی په‌نا به‌ریته‌ به‌ر ده‌نگدان؟

6) هێڵی کۆتا: «هێڵ» ێک ڕاکێشه‌ (بڕوانه‌ پاشکۆی مێتودنامه‌) و ئه‌وجا هه‌ر که‌سێک هه‌ڵوێست وه‌ر ده‌گرێ له‌م گریمانانه‌ی خواره‌وه‌:

– من ده‌زانم ئه‌و مه‌رجانه‌ چین بۆ ئه‌وه‌ی «پڕۆسه‌ی بڕیار» دێمۆکراتانه‌ بێ
– ده‌رفه‌تم هه‌بوو چالاکانه‌ به‌شداربم
– خۆشم لێ گوزه‌را

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in na , ئه‌لفوبێی دێمۆکراسی, پیاده‌كردن‏

په‌یوه‌ست

مه‌به‌ست

ده‌رفه‌ت بده‌ به‌شداربوان:
– پێشمه‌رج و بیرۆکه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی دێمۆکراسی به‌سه‌ر خۆیاندا پیاده‌ بکه‌ن
– بیر بکه‌نه‌وه‌ له‌ واتای دروست کردنی په‌یوه‌ستی دێمۆکرات
– به‌ مێتودی «گه‌رمه‌کورسی» (بڕوانه‌ پاشکۆی مێتودنامه‌) گرژیی نێوان نۆڕمی «ڕه‌چاو گرتنی یه‌کسان» و «ڕێسای سه‌رفه‌رازیی که‌سه‌کی» بخه‌نه‌ به‌رهه‌ست.

1. قۆناخه‌کانی «شیرازه‌هۆن» له‌ پڕۆسه‌ی دێمۆکراسیدا

داوا له‌ به‌شدرابوان بکه‌ له‌ شێوه‌ی بازنه‌دا دابنیشن، بزانه‌ که‌ی دوا جار به‌م جۆره‌ دانیشتوون و چییان له‌لا باش بوه‌. به‌م جۆره‌ له‌گه‌ڵیان بدوێ:

ئه‌مه‌ شێوازێکه‌ له‌ په‌یوه‌ستی دێمۆکرات – هه‌مووتان له‌ یه‌ک ئاستدا. ڕوه‌و ناخ، پشته‌و ده‌ره‌وه‌، سه‌رنجتان ڕووی له‌ دۆزه‌کانی هاوکۆی خۆتانه‌. گه‌ر ئه‌ندامێکی نوێ بێته‌ ڕیزه‌وه‌ ده‌بێ هه‌موو ببزوون. به‌ڵام، ئایه‌ ئه‌م په‌یوه‌سته‌ ئه‌وه‌نده‌ دێمۆکراته‌ وه‌ک به‌ ڕوخسار دیاره‌؟

داوا له‌ به‌شداربوان بکه‌ بیردانه‌وه‌ی خۆیان بخه‌نه‌ گۆ. ئه‌وجا به‌رده‌وام به‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایه‌ ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ ئه‌م په‌یوه‌سته‌ ببێته‌ په‌یوه‌ستێکی دێمۆکرات. ئه‌وسا ده‌بێ وه‌ڵامی ئه‌م دوو ده‌سته‌ پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌:

– ئێمه‌ کێین؟ چیمان هه‌یه‌ هاوکۆ بێ؟ بۆچی ڕێک ئێمه‌ لێره‌ دانیشتووین نه‌ک که‌سانی دیکه‌؟ ده‌کرێ هه‌رچی هات ببێته‌ ئه‌ندام؟ بێ هیچ مه‌رجێک؟

– ده‌سه‌ڵاتمان چییه‌؟ چی هه‌یه‌ ئێمه‌ بمانه‌وێت و بتوانین ئه‌نجامی بده‌ین؟ باسێک بتوانین بیخه‌ینه‌ ڕۆژه‌ڤه‌وه‌؟

لێره‌دا ناسنامه‌ی بنه‌ڕه‌تیی دێمۆکراتانه‌ پێشکه‌ش بکه‌:

2. قۆناخه‌کانی دیکه‌ له‌ پڕۆسه‌ی دێمۆکراسیدا

پوخته‌ی کاری هه‌نگاوی یه‌که‌م لێره‌ له‌ »چه‌رخی دێمۆکراسی» دا کۆ بکه‌وه‌. وشه‌ی «ئه‌ندامه‌تی» له‌ قۆناخی یه‌که‌م و «ڕۆژه‌ڤ» له‌ دوه‌مدا بنووسه‌. کورته‌یه‌کی «بێنه‌وبه‌ره» له‌ ژێر سه‌ردێڕی «به‌شداری» له‌ قۆناخی سێیه‌مدا و پاشان کورته‌یه‌کی «بڕیاردان» له‌ ژێر ناوی «بڕیار» له‌ قۆناخی چواره‌مدا تۆمار بکه‌. له‌ ناوه‌ندی چه‌رخه‌که‌شدا بنووسه‌ »ده‌رک». ئه‌میان له‌ هه‌موو قۆناخه‌کانی پڕۆسه‌که‌دا پێویسته‌.

3. فه‌رهه‌نگی نێو په‌یوه‌ست

«ئاخافتنی-گه‌رمه‌کورسی» (بڕوانه‌ پاشکۆی مێتودنامه‌: ) دامه‌زرێنه‌ ده‌رباره‌ی فه‌رهه‌نگی دێمۆکراتانه‌ له‌م په‌یوه‌سته‌ی ئێستا پێک هاتوه‌. گریمانه‌یه‌ک بخه‌ به‌رباس و داوای هه‌ڵوێست له‌ به‌شداربوان بکه‌. ئه‌وه‌ی گریمانه‌که‌ ده‌یسه‌لمێنێ هه‌ڵستێته‌ سه‌ر پێ، ده‌نا له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ دانیشێت. یه‌کبه‌یه‌کی به‌شداربوان هان بده‌ دیدی خۆی ڕوون بکاته‌وه‌: بۆ دانیشتوه‌، بۆ وه‌ستاوه؟ لێره‌دا جێی گفتوگۆ و مشتومڕ نییه‌. گه‌ر ده‌رفه‌ت هاته‌ پێش ئاماژه‌ به‌ نۆڕمی «ڕه‌چاو گرتنی یه‌کسان» و «ڕێسای سه‌رفه‌رازیی که‌سه‌کی» بکه‌. شه‌ش – هه‌فت گریمانه‌ی ئه‌م لیسته‌یه‌ به‌کار بهێنه‌، گرینگه‌ یه‌که‌م و دوا خاڵیان له‌گه‌ڵ بێ.

1-         له‌ هه‌موو ده‌سته‌یه‌کدا، ڕێبه‌رێک هه‌یه‌

2-         کاتی بڕیاردان مرۆڤ ده‌بێ «به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی» ڕه‌چاو بگرێ

3-         منم بڕیار به‌سه‌ر ژیانی خۆمدا ده‌ده‌م

4-         شێوازی «پشکی ته‌رخان – کۆتا Quota» بۆ پێشخستنی «یه‌کسانیی زایه‌ند» باشه‌

5-         لاوان ده‌بێ گوێ له‌ که‌سانی ته‌مه‌ندارتر بگرن

6-         من ده‌سه‌ڵاتم گه‌ره‌که‌

7-         له‌ هه‌موو سازمانێکدا، که‌سانی سه‌رته‌ڵ (ئه‌لیت، نوخبه‌) ده‌بنه‌ بڕیارده‌ر

8-         گه‌ر ژنێک پێی خۆش بێ ڕووپۆشی له‌سه‌ر بێ، ئازادیی خۆیه‌تی

9-         خه‌ڵک به‌گشتی بڕیاری ژیرانه‌ ده‌ده‌ن

10-    شیرازه‌یه‌کی زایه‌نده‌کی هه‌یه‌ ڕێ ده‌دات سته‌م به‌رانبه‌ر ئافره‌تان بکرێ

11-      مرۆڤ ده‌بێ ڕێز له‌و بڕیاره‌ بگرێ که‌ ده‌درێ، با پێیشی هه‌ڵه‌ بێ

سه‌رنج
– گریمانه‌کانی سه‌ره‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ست ورووژێنه‌ر بن
– زۆر جار نۆڕمی «ڕه‌چاو گرتنی یه‌کسان» و «ڕێسای سه‌رفه‌رازیی که‌سه‌کی» یه‌ک ناگرنه‌وه‌. تێبینی بکه‌ جار هه‌یه‌ مرۆڤ «مامناوه‌نده»، ده‌یه‌وێ هه‌م دانیشێ و هه‌م ڕاوه‌ستێ.
– «ئاخافتنی – گه‌رمه‌کورسی» بۆ خۆی ده‌ربڕینه‌ له‌ به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌کانی دێمۆکراسی: «مرۆڤ هان ده‌درێ بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی سه‌رفه‌راز و به‌ یه‌کسانیش ڕێز له‌ هه‌ڵوێستی هه‌موان ده‌گیرێ».

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in na , ئه‌لفوبێی دێمۆکراسی, پیاده‌كردن‏

بژاره‌کانی ئازاد و نه‌وزاد

مه‌به‌ست
– به‌م دیلێمما (کێشه‌ی دووسه‌ره‌) یه‌، جیاوازیی نێوان «بڕیارێکی کۆبه‌ند» (بڕیارێک هه‌موو په‌یوه‌ست پابه‌ندی بێ) و «بێنه‌وربه‌ره‌ی ئازادانه» پێشان ده‌دات
– بژاره‌کانی دیکه‌ی پڕۆسه‌ی دێمۆکراسی پێشان ده‌دات – ئانارکی و چاودێری – پێشانیشی ده‌دات چۆن ئه‌و بژارانه‌ زووتر خۆ ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌ وه‌ک چاره‌سه‌ری دێمۆکراتانه‌.

Read more ›

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in ئه‌لفوبێی دێمۆکراسی, پیاده‌كردن‏

سێ پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ده‌رباره‌ی دێمۆکراسی

ڕۆژانه‌ له‌ بواری هه‌مه‌جۆردا بڕیار ده‌رده‌چێت خه‌ڵکانێکی زۆر ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م پڕۆسه‌ی بڕیاردانه‌ که‌ی ده‌بێ دێمۆکراتانه‌ بێ و ئه‌وه‌ش ده‌کاته‌وه‌ چی؟

له‌م پاشخانه‌ تیۆرییه‌دا «ئه‌لفوبێی دێمۆکراسی» پێشکه‌ش ده‌که‌ین بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسیارانه‌. مۆدێله‌که‌ گشتییه‌ – له‌ ده‌سته‌یه‌کی کاری بچووکه‌وه‌ کارایه‌ هه‌تا ده‌گه‌یته‌ سازمانی جیهانگیری وه‌ک UN   – و بریتییه‌ له‌ سێ هه‌نگاو:

A.     سه‌ره‌تا ده‌بێ مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕوونی بکاته‌ چ بژاره‌ (به‌دیل / ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤ) یه‌ک هه‌یه‌ بۆ دێمۆکراسی

B.      ئه‌وجا هه‌لومه‌رج باشتر له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌ڵوێست له‌ بیرۆکه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی دێمۆکراسی وه‌ربگرێت و بڕیاری چه‌ند و چۆنی کارابوونیان بدات

C.     گه‌ر مرۆڤ بڕیاری دا بژاره‌ی دێمۆکراسی هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وجا ده‌بێ ڕێگه‌ی پیاده‌ کردنی به‌رجه‌سته‌ بکات

 

 

A. شێوازه‌کانی فه‌رمانڕه‌وایی

ئه‌و دۆزانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ خه‌ڵکانێکی زۆره‌وه‌ هه‌یه‌، چۆن چاره‌سه‌ر بکرێن باشه‌؟ یان وردتر بڵێین: کێن ئه‌وانه‌ی «ده‌سه‌ڵات» یان هه‌یه‌ چاره‌سه‌رێک بسه‌پێنن و ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ چۆن ده‌چه‌رخێ؟

سه‌ره‌تا له‌م داڕشتنه‌ گشتییه‌ی بنه‌ماکانی سیاسه‌ته‌وه‌ دێین چاره‌سه‌ری ئاشته‌وا له‌ چاره‌سه‌ری توندوتیژ جودا ده‌که‌ینه‌وه‌. زۆر جار مرۆڤ باز ده‌دات به‌سه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌دا و له‌بری ئه‌وه‌ دێمۆکراسیی ئاشته‌وا به‌رانبه‌ر دیکتاتۆریی توندوتیژ ڕاده‌گرێ. به‌راوردی له‌م جۆره‌ی چاکه‌ به‌ خراپه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ بواری مشتومڕدا کاریگه‌ر بێ، به‌ڵام دوالیزمی وه‌ها ڕه‌ش و سپی هه‌ڵه‌به‌ره‌: وه‌های ڕاده‌نوێنێ ته‌نها دوو ڕێگه‌چاره‌ هه‌یه‌. له‌ ڕێبازه‌که‌ی ئێمه‌دا سه‌رشار باسێکی دیکه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێین: توندوتیژی دێت ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌وا ده‌گۆڕێ به‌ توندوتیژیی فیزیکی، به‌وه‌ش هه‌موو شیرازه‌یه‌کی سیاسی ده‌ڕمێنێ – دێمۆکرات بێ یان نادێمۆکرات.

له‌و خاڵه‌ ده‌رباز ده‌بین و له‌ چاره‌سه‌ری ئاشته‌وا ورد ده‌بینه‌وه‌. ئایه‌ ده‌کرێ ناکۆکی به‌ بێنه‌وبه‌ره‌ی ئازاد چاره‌سه‌ر بکرێ یان ده‌بێ به‌ ڕێساگه‌لێکی کۆیه‌کی Collective   ی پێشکات بڕیاردراو بێ که‌ گشت لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بگرێته‌وه‌. بڕیاری کۆبه‌ندیش که‌ هه‌موان ده‌گرێته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی ده‌کرێت په‌یوه‌ست (جڤات) Association   ێک په‌یڕه‌وی بکات، ده‌کرێ به‌ دوو جۆری جیاواز بێته‌ بڕیاردان: بڕیاری چه‌ند که‌سێکی که‌م یان بڕیاری هه‌موو که‌سانی په‌یوه‌ند. ئه‌م هزرکارییه‌ له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا شێوازه‌ جۆراوجۆره‌کانی فه‌رمانڕه‌وایی ڕوون ده‌کاته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یان مۆدێلی نموونه‌یه‌، له‌ پڕاکتیکدا ئه‌و شێوازانه‌ تێهه‌ڵکێشی یه‌کدی ده‌بن.

ئه‌ریستۆ Aristoteles   ی فه‌یله‌سووفی یۆنانی به‌ر له‌ 2300 پۆلێنێکی له‌م بابه‌ته‌ی ڕێکخستوه‌، تێیدا دێمۆکراسی ده‌کاته‌ یه‌ک له‌ سێ بژاره‌. ئه‌م هێڵکارییه‌ گشتی و تاڕاده‌یه‌ک بێلایه‌نه‌، شاخاڵی دیکه‌ش ڕوون ده‌کاته‌وه‌:

·         بڕیاری دێمۆکراتانه‌ ده‌بێ له‌ چێوه‌ی په‌یوه‌ستدا درابێ. گه‌ر هه‌ڤبه‌ندی نه‌بێت، دێمۆکراسی نییه‌.

·         گه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌که‌ونه‌ به‌ر تاوی بڕیاره‌که‌ ناویان بنێن «گه‌ل» و ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له‌ بڕیاردانه‌که‌دا ناویان بنێین «هاوزێد» (وه‌ڵاتی، هاووه‌ڵاتی)، ئه‌وسا ده‌توانین ئه‌م پێناسه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ی دێمۆکراسی داڕیژین:

·         هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شێکن له‌ «گه‌ل» ده‌بنه‌ »هاوزێد» و که‌س نابێته‌ «هاوزێد» گه‌ر به‌شێک نه‌بێ له‌ «گه‌ل».

   – یه‌ک له‌و باسانه‌ی تۆژه‌رانی ناکۆکی و ئاشتی په‌یجۆری تێدا ده‌که‌ن بریتییه‌ له‌ «له‌ کامه‌ هه‌لومه‌رجدا ڕشته‌ی سیاسی ده‌ست ده‌داته‌ توندوتیژی». بڕوانه‌ تۆژینه‌وه‌ی Adam Przeworski   به‌ ناوی  Demokrati som möjligt utfall av konflikter لاپه‌ڕه‌ 245 و هی دیکه‌، له‌ کتێبی   Idéer om demokrati. Tidens förlag 1992

ده‌سته‌سالاری، سه‌رته‌ڵسالاری و چاودێری

ده‌سته‌سالاریش له‌سه‌ر بنه‌مای «کۆیه‌کی» هه‌ڵده‌نرێ به‌ڵام له‌وێدا هه‌موو که‌سانی په‌یوه‌ند به‌شداری بڕیار نابن – نه‌ ڕاسته‌وخۆ نه‌ تیان (ناڕاسته‌وخۆ). هه‌ر بۆ نموونه‌، 100ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، کاتێک خه‌باتی ڕوه‌و دێمۆکراسی له‌ سوێد له‌وپه‌ڕی گه‌رمیدا بوو، وه‌ڵاته‌که‌ دیکتاتۆری نه‌بوو. له‌ چێوه‌ی ده‌سته‌سالاریدا، ده‌وڵه‌تێکی ده‌ستووربه‌ند بوو. خه‌ره‌ندی چینایه‌تیی تێیدا مۆرکێک بوو دێمۆکراتخوازانی پێشه‌نگی ئه‌و ده‌مه‌ ده‌یانویست له‌ ڕێی «مافی گشتیی ده‌نگدان» ـه‌وه‌ نه‌یهێڵن.

له‌ زۆر بواردا «چاودێری» به‌ باشترین شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی داده‌نرێت. مه‌زنایه‌تیی دایکوباب له‌ په‌روه‌رده‌ی منداڵدا به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێ ناخرێته‌ ژێر پرسیار. له‌ فێرگه‌ و فێرکاریدا وه‌ها باوه‌ مامۆستا هێنده‌ کارزانه‌ ڕێبه‌رایه‌تیی هه‌م فێرخواز بکات و هه‌م خوێندن. له‌ فه‌رمانگه‌ و کۆمپانیادا فه‌رمانی کار، به‌ ده‌ست ڕێبه‌ری خاوه‌ن توانای تایبه‌ته‌.


سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی نموونه‌یه‌کی ڕه‌سه‌نه‌ له‌و سیسته‌مه‌ بێفەرمانه‌ی ناچێته‌ ژێر باری هیچ شیرازه‌یه‌کی بڕیاری کۆیه‌کییه‌وه‌. ده‌وڵه‌تان ئازادانه‌ بێنه‌وبه‌ره‌ له‌گه‌ڵ یه‌کدا ده‌که‌ن – جار هه‌یه‌ پێک دێن و جاریش هه‌یه‌ پێک نایه‌ن. هه‌تا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا بێ، یان هه‌تا لایه‌نی به‌هێز بیه‌وێت، بێنه‌وبه‌ره‌ به‌رده‌وامه‌.

بازاڕیش نموونه‌یه‌کی دیکه‌یه‌. لێره‌دا به‌رهه‌مهێن و به‌رهه‌مبه‌ر ئازادانه‌ بێنه‌وبه‌ره‌ له‌سه‌ر فرۆشتن و کڕینی کاڵا و خزمه‌تگوزاری ده‌که‌ن. ئه‌نجامی بێنه‌وه‌به‌ره‌ش به‌نده‌ به‌ توانای لایه‌نی به‌شدار، پێوه‌ریش لێره‌دا پاره‌ (پووڵ) یه‌.

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ڕێچکه‌ی ئازادیخوازی بێفەرمان، مه‌ودای له‌ شێوازی حوکومڕانیی دێمۆکراتی ته‌سک کردۆته‌وه‌ و بۆ خۆی به‌رفره‌وانتر بوه‌: له‌ چه‌ندین وه‌ڵاتی دونیا، چاره‌سه‌ری بازاڕانه‌ بره‌وی له‌ مه‌یدانی وه‌هادا په‌یدا کردوه‌ ز

ووتر جێی بڕیاری هاوکۆ بوون. هاوکات چه‌ندین وه‌ڵاتی که‌ زووتر ئۆلیگارکی بوون، په‌ڕینه‌وه‌ بۆ دیوی دێمۆکراسی. ئه‌م دوو جۆره‌ گۆڕانکارییه‌ له‌ لایه‌ن ئۆرگانی فراژووتنی نێوده‌وڵه‌تی (ئۆرگانی گه‌شه‌ کردن ئینته‌رناسیۆنال) ـه‌وه‌ به‌ مه‌رج ده‌گیرێن له‌ وه‌ڵاتانی هه‌ژار بۆ سه‌لماندنی وام دان و وام سڕینه‌وه‌ (سڕینه‌وه‌ی قه‌رز).

میانڕه‌ویی دێمۆکراتانه‌

فه‌رمانی «ده‌سته‌سالاری» و «چاودێری»، ڕه‌وایه‌تیی خۆی له‌سه‌ر توانای تایبه‌تی ڕێبه‌ر هه‌ڵ ده‌چنێ. له‌ ڕێبازی بێفەرماندا ئازادیی کرداری که‌سه‌کی له‌ هه‌موو باسێکی دیکه‌ باڵاتره‌. دێمۆکراتی ڕێچکه‌یه‌کی میانڕه‌وه‌ – و زۆر جاریش سه‌خته‌، بنه‌ماکه‌شی دابه‌شینی ده‌سه‌ڵات و سه‌لماندنی ئه‌و بڕیارانه‌یه‌ که‌ مرۆڤ به‌شدار بوه‌ له‌ بڕیاردانیاندا.

هیچ کام له‌م سێ شێوازی حوکومڕانییه‌، ته‌واو بێگه‌رد، له‌ ڕاستیدا نییه‌. بۆ نموونه‌: چۆن و له‌ کوێدا سنوور ده‌کێشیت له‌ نێوان بڕیارێک له‌ لایه‌ن ده‌سته‌یه‌کی که‌مژماره‌وه‌ بدرێت یان له‌ لایه‌ن هه‌موو که‌سانی په‌یوه‌ندیدار. ئه‌م دۆزه‌ له‌ سیسته‌می سیاسیی گه‌وره‌دا، به‌ شێوازی «نوێنه‌رسالاری» (فه‌رمانڕه‌وایی نوێنه‌ره‌کی) ده‌خرێته‌ به‌رباس. له‌ باشترین باردا، نوێنه‌رانی هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵک، ئه‌و بڕیاره‌ سیاسییانه‌ ده‌ده‌ن که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی زۆرینه‌دایه‌. دێمۆکراسیی ڕۆژاوا خۆی وه‌ها ده‌بینێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ سه‌رته‌ڵ (ئه‌لیت، نوخبه‌) ێک سنووردار نییه‌ ده‌سه‌ڵاتی پاوان کردبێ (مۆنۆپۆلی هه‌بێ)، دیسان هه‌موو میلله‌ت به‌شداری بڕیاردان نییه‌. به‌ پێوه‌ری «ئه‌لفوبێی دێمۆکراسی»، شێوازی «نوێنه‌رسالاری» جێگه‌یه‌ک ده‌گرێت له‌ نێوان ئۆلیگاری و دێمۆکراسیدا.

 

B.     پێشمه‌رج و بیرۆکه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی دێمۆکراسی

ئاماژه‌مان دا به‌وه‌ی په‌یوه‌ست هه‌یه‌ «توانای تایبه‌تی به‌رپرسان» تێیدا ده‌بێته‌   ‎مایه‌ی ڕه‌وایه‌تیی ده‌سته‌سالاری. نموونه‌شمان هێنایه‌وه‌ له‌ سیسته‌می بێفەرمانیی وه‌ها که‌ «ئازادیی تاکه‌که‌س» تێیدا پێشه‌میی به‌رزتری هه‌یه‌ له‌ به‌های کۆیه‌کی. ئه‌دی شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی دێمۆکراتانه‌ چی: پێشمه‌رجه‌کانی چین و له‌سه‌ر کامه‌ بیرۆکه‌ هه‌ڵنراوه‌؟

1)   هه‌ڤبه‌ندی Community

سه‌ره‌تا ده‌بێ په‌یوه‌ست Association   ێکی هاوبه‌رژه‌وه‌ند هه‌بێت: «یه‌که‌یه‌کی سنووردار تێیدا ئه‌ندامه‌کان پێک هاتوون له‌سه‌ر ئه‌و دۆزانه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ بڕیاری هاوکۆی تێدا بده‌ن». ئه‌م ئه‌ندامانه‌ ده‌بێ به‌ جۆرێک هه‌م بڕوایان به‌ یه‌کدی هه‌بێ و هه‌م خۆیان به‌ یه‌کتر پێناسه‌ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پێشکات خۆیان به‌ پابه‌ندی ئه‌و بڕیارانه‌ بزانن. مه‌رج ئه‌وه‌یه‌ جۆرێک له‌ ناسنامه‌ی کۆیه‌کی هه‌بێت، ئه‌ندامه‌کانی ئه‌م په‌یوه‌سته‌ گیانی «ئێمه» – بوونیان تێدا بڕسکێ. سه‌لماندنی ئه‌م «هه‌ڤبه‌ندی» ـه‌ ده‌کاته‌وه‌ وێڵ کردنی ڕێبازی بێفەرمانه‌.

2)   ڕه‌چاو گرتنی یه‌کسان Equal Consideration

ئه‌وجا گه‌ر مه‌به‌ست بێ شێوازێکی حوکومڕانیی دێمۆکراتانه‌ هه‌ڵبژێرین نه‌ک شێوازێکی ده‌سته‌سالار، ده‌بێ ئه‌ندامان دوو بیرۆکه‌ی بنه‌ڕه‌تی دیکه‌ بسه‌لمێنن.

بیرۆکه‌ی یه‌که‌م: سه‌نگی یه‌کسانی هه‌موانه‌. به‌هایه‌کی یه‌کسان ده‌کاته‌: «به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو که‌سێک، وه‌ک یه‌ک شایه‌نی ڕه‌چاو گرتنه».

گه‌ر مرۆڤ ئه‌م مه‌رجه‌ی به‌ جیددی گرت، ده‌کاته‌وه‌ سه‌لماندنی بیرۆکه‌یه‌کی تاڕاده‌یک ڕ

ادیکال ده‌رباره‌ی دابه‌شینی ده‌سه‌ڵات: ده‌بێ ده‌رفه‌تی ڕه‌چاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موان وه‌ک یه‌ک بێ. هه‌موو جۆره‌ ئیمتیازێک – بنه‌ماکه‌ی هه‌ر چییه‌ک بێ، بۆ نموونه‌: زایه‌ند، ته‌مه‌ن، پاره‌، ئاستی خوێندن، چین، ئێتنیسیتێ (ڕیشاڵی نه‌ته‌وه‌یی) و … هتد – دژ ده‌وه‌ستی به‌رانبه‌ر بیرۆکه‌ی «ڕه‌چاو گرتنی یه‌کسان». لێره‌دا، بۆ نموونه‌ «فێمێنیزم» ده‌بێته‌ دۆزێکی دێمۆکراسی.

 

3)   سه‌رفه‌رازیی که‌سه‌کی Personal Autonomy

بیرۆکه‌ی دوه‌م – ئه‌میشیان ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ – بریتییه‌ له‌وه‌ی: کێ بڕیار ده‌دات کامه‌ به‌رژه‌وه‌نده‌ و کامه‌ پێداویستی ڕه‌چاو بگیرێ. وه‌ڵامی دێمۆکراتانه‌ ده‌ڵێ: میلله‌ت. «ئه‌ندامانی میلله‌ت خۆیان بایی ئه‌وه‌نده‌ ڕسکاون که‌ بزانن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان کامه‌یه» – هه‌م به‌رژه‌وه‌ندی که‌سه‌کی و هه‌م به‌رژه‌وه‌ندی هاوکۆ.

که‌واته‌ داکۆکی له‌ یه‌کسانی به‌ ته‌نێ تێر ناکات. جگه‌ له‌ یه‌کسانی، ده‌بێ هه‌موو که‌سێک به‌ مرۆڤێکی ڕسکاوی وه‌ها دابنرێ خاوه‌ن هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێست. گه‌ر ئه‌م «ڕێسای سه‌رفه‌رازیی که‌سه‌کی» یه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێ، ڕێگه‌ بۆ ڕێبه‌ر چۆڵ ده‌بێ – وه‌ک چاودێر یان دادوه‌رێکی له‌ ڕووی زانین و ئاکاره‌وه‌ به‌رزتر – بێته‌ پێش و داوای باڵاده‌ستی بکات به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی دیکه‌دا.

 

C.     «چه‌رخی دێمۆکراسی»‌ و پێوانه‌ی پڕۆسه‌ی دێمۆکراتانه‌

  «چه‌رخی دێمۆکراسی»

له‌و خاڵه‌وه‌ که‌ گرووپێک مرۆڤ تێده‌گه‌ن له‌وه‌ی دۆزێکی هاوکۆیان هه‌یه‌، هه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاوێژی له‌ نێو خۆدا ده‌که‌ن و بڕیار له‌و دۆزه‌دا ده‌ده‌ن، ده‌شێ کاتێکی درێژ بخایه‌نێ. ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ یه‌ک کاژێر بخایه‌نێ یان یه‌ک ساڵ، چوار قۆناخی هه‌یه‌ تێیاندا پرسی «ئه‌ندامه‌تی»، «ڕۆژه‌ڤ»، «به‌شداری» و «بڕیار» به‌سه‌ر ده‌کرێنه‌وه‌. زۆر په‌یوه‌ست هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ که‌م و زۆر جێگیره‌ و بڕیاره‌کانی، په‌یتا په‌یتا، ده‌سووڕێن.

 

پڕۆسه‌ی بڕیاردان له‌م «چه‌رخی دێمۆکراسی» یه‌دا پێشان ده‌درێ. له‌ خاڵی یه‌که‌مه‌وه‌ ده‌ست پی ده‌کات.

په‌یوه‌ست له‌ دوو قۆناخی سه‌ره‌تا – له‌ «ئه‌ندامه‌تی» و «ڕۆژه‌ڤ» – دا شیرازه‌ی خۆی داده‌ڕێژێ و ڕوونی ده‌کاته‌وه‌ ئه‌ندامانی کێن، به‌رژه‌وه‌ندیان چییه‌ و مۆڵه‌تیان کامه‌یه‌؟ ئه‌وجا قۆناخی بێنه‌وبه‌ره‌ دێت: چۆن بکه‌ن باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دۆزێکی دیاریکراودا بگه‌نه‌ بڕیار؟ له‌ کۆتاشدا قۆناخی بڕیاردان دێت: دوا بڕیار له‌و دۆزه‌دا چۆن ده‌درێ؟

پێوانه‌ی دێمۆکراسی

گه‌ر سێ به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی دێمۆکراسی له‌سه‌ر هه‌ر چوار قۆناخی پڕۆسه‌ی بڕیاردان پیاده‌ بکه‌ین، ئه‌م چوار پێوه‌ره‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ی دێمۆکراسی په‌یدا ده‌بن:

1)     «هه‌ر هه‌موو به‌شدارن». هه‌موو ئه‌ندامێک ده‌رفه‌تی هه‌یه‌ وه‌ک هاوزێدێکی پڕسه‌نگ به‌شداری پڕۆسه‌ی بڕیاردان بێ. نابێ که‌س وێڵ بکرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ وریای هه‌ڵاواردن و سه‌رکردنه‌سه‌ر بین.

 2)       «جڵه‌وی ڕۆژه‌ڤ به‌ده‌ست ئه‌ندامانه». ئه‌ندامان بڕیار ده‌ده‌ن کامه‌ دۆز دێته‌ به‌رباس. نابێ که‌سێکی لابه‌لا «ڕۆژه‌ڤ» داڕێژێ.

 3)       «به‌شداریی چوست». له‌ کاتی بێنه‌وبه‌ره‌دا ده‌بێ ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ هه‌موان ڕه‌خسا بێ، هه‌م پێشنیاز ڕه‌پێشخه‌ن و هه‌م لێیان ببیسترێ.

 4)       «مافی ده‌نگدان یه‌کسانه». کاتی بڕیاردان ده‌بێ هه‌موو وه‌ک یه‌ک ده‌ستڕۆ بن. له‌م کاته‌دا ته‌نها و ته‌نها هه‌ڵوێستی ئه‌ندامان بڕیارده‌ره‌.

ئه‌وجا بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی بڕیاردان ته‌واو دێمۆکراتانه‌ بێ، ده‌بێ مه‌رجێکی دیکه‌ له‌ هه‌ر چوار قۆناخه‌کانی پڕۆسه‌که‌دا ڕه‌نگ بداته‌وه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌:

 5)       «ده‌رکی ڕۆشناک». ده‌بێ ده‌رفه‌تی یه‌کسان و دروست هه‌بێ بۆ هه‌موو ئه‌ندامێک زانیاری ته‌واو وه‌ده‌ست بێنی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رکی ته‌واوی هه‌بێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی.

 

 

 

په‌یوه‌ستێک گه‌ر ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن کارا بوو، قۆناخه‌کانی «داڕشتنی شیرازه» تێیدا به‌ قۆناخی به‌سه‌رچوو ده‌زانرێن. به‌ ئاسانی جه‌خت له‌ سه‌ر «ئێستا»، له‌ سه‌ر «به‌شداری» و «بڕیاردان» ی لای ڕاستی چه‌رخه‌که‌ ده‌کرێ. به‌ڵام گه‌ر لێره‌دا که‌ماسی په‌یدا بوو، وه‌ها باشه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆکار، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قۆناخه‌کانی زووتری پڕۆسه‌که‌. زۆر جار خویا (ئاشکرا) ده‌بێ که‌ هه‌لومه‌رجی ئێستا، به‌ به‌راورد به‌ کاتی پێکهاتنی ئه‌م په‌یوه‌سته‌، گۆڕاوه‌ – ده‌شێ ئه‌ندامی تازه‌ی تێ هاتبێ که‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی تازه‌ن، ده‌شێ دونیای ده‌وروبه‌ر گۆڕابێ، دۆزی نوێی هێنابێته‌ کایه‌وه‌ و دۆزی دیکه‌ی تێبردبێ. که‌واته‌ کاتی هاتوه‌ شیرازه‌ی بڕیار بیراز بکرێ و په‌یمانی دێمۆکراسی نۆژه‌ن بکرێته‌وه‌.

په‌یوه‌ستی به‌رباس هه‌ر چییه‌ک بێ، له‌ کارخانه‌وه‌ هه‌تا یانه‌ی وه‌رزشی و له‌ویشه‌وه‌ بۆ وه‌ڵاتی گه‌وره‌، پڕۆسه‌ی دێمۆکراتانه‌ تێیاندا هه‌ر ده‌بێ ئه‌و پێنج پێوه‌ره‌ پڕ بکه‌نه‌وه‌: «هه‌ر هه‌موو به‌شدارن»، «جڵه‌وی ڕۆژه‌ڤ به‌ده‌ست ئه‌ندامانه»، «به‌شداریی چوست»، «مافی ده‌نگدان یه‌کسانه» و هه‌روه‌ها «ده‌رکی ڕۆشناک».

په‌یوه‌ست نییه‌ له‌ دونیادا پڕۆسه‌ی بڕیاردان تێیدا ئه‌م پێنج مه‌رجه‌ بێ که‌ماسی پڕ بکاته‌وه‌ – هه‌ر بۆ نموونه‌ مه‌یلی هه‌ڵاواردن و سه‌رکردنه‌سه‌ر له‌ زۆر سازماندا هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌ی «دێمۆکراسی» به‌ زۆری ئه‌وه‌نده‌ به‌هاهه‌ڵگره‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ «مه‌رجه‌کانی دێمۆکراسی» بکرێنه‌ پێوه‌ر، بۆ پێوانه‌ی داکه‌وت (واقیع). ئه‌مانه‌ ئامرازن بۆ دۆزینه‌وه‌ی که‌ماسیی دێمۆکراتانه‌ له‌و سازمانه‌دا که‌ هه‌یه‌ و ئه‌وجا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ بۆیان.

دێمۆکراسیی بێگه‌رد وێنه‌یه‌کی نموونه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێک له‌و ئامانجه‌ نێزیک بینه‌وه‌ ده‌بێ مرۆڤ ئامانجی لێ ڕوون بێ.

 

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in na , ئه‌لفوبێی دێمۆکراسی, پاشخان

دوو ڕوخساره‌که‌ی دێمۆکراسی

مه‌به‌ست

– تۆژینه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌یل ئه‌م گرووپه‌ بۆ دێمۆکراسی

– به‌ دوو جار پیاده‌ کردنی مێتودی «چوار گۆشه‌ی گفتوگۆ» ده‌رفه‌ت بده‌ به‌شداربوان هه‌ستی خۆیان ده‌رباره‌ی دێمۆکراسی ده‌رببڕن (بڕوانه‌ پاشکۆی مێتودنامه‌).

1) «چوار گۆشه»: ڕێکاری ئایه‌تی (پۆزه‌تیڤ) ـی دێمۆکراسی

به‌ دیدی ئێوه‌ کامه‌یه‌ لایه‌نی ئایه‌تی له‌ دێمۆکراسیدا:

1-    هه‌موو که‌س بۆی هه‌یه‌ به‌شدار بێ

2-    ده‌سه‌ڵات پشتیوانیی زۆرینه‌ی هه‌یه‌

3-    بڕیاره‌کان باشتر ده‌بن

4-    خاڵی دیکه‌

(له‌وانه‌یه‌ که‌سێک داوای ڕوون کردنه‌وه‌ و پێناسه‌ بکات. وه‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ به‌شداربوان ئازادن، پرسیاره‌کان وه‌ها لێک بده‌نه‌وه‌ که‌ به‌ باشی ده‌زانن.

ئه‌و به‌شداربوانه‌ی گۆشه‌ی «خاڵی دیکه» هه‌ڵده‌بژێرن، به‌گشتی هه‌ڵبژاردنێکی نایه‌تی ده‌که‌ن – هیچ گۆشه‌یه‌کی دیکه‌یان له‌ لا په‌سه‌ند نییه‌. له‌وانه‌یه‌ پاش ڕامانێکی زیاتر ڕووکارێکی ئایه‌تی هه‌ڵبژێرن).

1) «چوار گۆشه»: ڕێکاری نایه‌تی (نێگه‌تیڤ) ـی دێمۆکراسی

چی سه‌خته‌، دژواره‌، کێشه‌داره‌ له‌ دێمۆکراسیدا؟

بۆ نموونه‌: له‌ دێمۆکراتاندنی په‌یوه‌سته‌که‌ی خۆتاندا – کارخانه‌، کۆمه‌ڵه‌، کۆمیون، وه‌ڵات و… هتد – چ ده‌رئه‌نجامێکی نایه‌تی ده‌بێ؟

1-    ئاژاوڵه‌ (بێسه‌روبه‌ری، هه‌را)

2-    که‌س به‌رپرسایه‌تی ناگرێته‌ ئه‌ستۆ

3-    بڕیاره‌کان خراپتر ده‌بن

4-    خاڵی دیکه‌

2) ئه‌نجامگیری

سه‌رنجی به‌شداربوان ڕاکێشه‌ بۆ ئه‌و گۆشه‌یه‌ی زۆرترین و ئه‌وه‌ی که‌مترین لایه‌نگری هه‌بوو له‌ هه‌ردوو ڕاپرسییه‌که‌دا.

تێبینی

له‌ ڕاپرسیی یه‌که‌مدا زۆر جار وه‌ها ده‌بێ گۆشه‌ی «هه‌موو که‌س بۆی هه‌یه‌ به‌شدار بێ» زۆرترین لایه‌نگری ده‌بێ و گۆشه‌ی «ده‌سه‌ڵات پشتیوانیی زۆرینه‌ی هه‌یه» که‌مترین لایه‌نگر.
ئه‌م ڕاهێنانه‌ ده‌روازه‌یه‌کی باشه‌ بۆ کارێکی سیسته‌ماتیکی ورد و درێژمه‌ودا ده‌رباره‌ی دۆزه‌کانی دێمۆکراسی. گه‌ر ئه‌م گرووپه‌ی به‌شداربوان که‌متر سه‌رنجی دایه‌ بژاره‌ی «ده‌سه‌ڵات پشتیوانیی زۆرینه‌ی هه‌یه» – که‌ شاخاڵه‌ له‌ دیدی دێمۆکراسیی باوی ڕۆژاوادا – ئه‌وسا وه‌ها باشه‌ ده‌رفه‌تی بیردانه‌وه‌ی زیادتری بۆ بڕه‌خسێنین‌.

Share:Email this to someoneShare on FacebookShare on Google+Tweet about this on TwitterShare on LinkedInPrint this page
Posted in ئه‌لفوبێی دێمۆکراسی, پیاده‌كردن‏